Skip to the content
Menu

له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ کۆنسوڵی هیندستان
هێمن هەورامی: "لەم خولەی پەرلەمان دەستووری هەرێمی کوردستان دەنووسرێتەوە"

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٤/١١/٢٠١٩، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینگەی تایبەتیی خۆی لە ته‌لارى پەرلەمان پێشوازیی کرد لە چاندراموولی کۆمار کۆنسوڵی هیندستان لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری.
سەردانەکەی کۆنسوڵی هیندستان بۆ پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی برەودان بوو بەپەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی هەردوولا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پەرلەمانی هیندستان لەبواری یاسادانان و دەستوورو را‌هێنانی پەرلەمانتاران و کارمەندانی پەرلەمان لە پەرلەمانی هیندستاندا، هاوکات کۆنسوڵی هیندستان بە فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ بەشداریکردن و پێشکەشکردنی وتارێک لەبارەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان لەیادی ٧٠ ساڵەی نوسینەوەی دەستووری هیندستان کە بڕیارە لە ٢٦/١١/٢٠١٩ لە کۆنسوڵخانەی هیندستان لە هەرێمی کوردستان ساز بکرێت.
لەبەرامبەردا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ساڵیادی نوسینەوەی دەستووری هیندستان، رایگەیاند: "لەئێستادا پەرلەمانی کوردستان بە نیازە لەم خولەی پەرلەمان دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان بنووسێتەوەو دەنگی لەسەر بدرێت"، هاوکات سوپاسی کۆنسوڵی هیندستانی کرد لەبارەی پێشنیازەکانی بەمەبەستی هاوکاریکردنی پەرلەمانی کوردستان لەبواری پڕِۆژەی نوسینەوەی دەستوورو راهێنانی پەرلەمانتاران و کارمەندانی پەرلەمان.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی هیندستان کردەوە.