له‌میانی پێشوازیكردنی له‌جێگری نێرده‌ی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
د.رێواز فایه‌ق: "پێویسته نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت له پاراستنی هه‌رێمه‌كان و پێكهاته‌كان له‌و گۆڕانكارییه ده‌ستوورییانه‌ی كه ده‌كرێن"
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه 2019/11/7، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی كرد له ئه‌لیس وڵبۆڵ جێگری نێرده‌ی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن له عیراق و شاندی یاوه‌ری كه پێكهاتبوو له ڕیكاردۆ ڕۆدریگز به‌رپرسی نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووكان له هه‌ولێر و فرانسس ڕیڤالتۆ لاناو به‌رپرسی به‌شی سیاسی.
له دیدارێكدا به‌وردی له‌باره‌ی دواپێشهاته سیاسییه‌كانی عێراق و دۆخی نه‌خوازراوی خۆپێشاندانه‌كان و داواكارییه‌كانی هاووڵاتییانی عێڕاق گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا، سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی ئێستای عێڕاق به‌گشتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "داواكارییه‌كانی خۆپێشانده‌ران له عێراق په‌یوه‌ندییان به كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌كان و گه‌نده‌ڵییه‌وه هه‌یه له سێكته‌ره جیاوازه‌كانی حكومه‌تدا كه تایبه‌تن به ژیان و گوزه‌رانی عێراقییه‌كان، به‌رده‌وامیی خۆپێشاندانه‌كان كاریگه‌ریی خراپ ده‌كاته سه‌ر ژیان و ئاسایشی عێراقییه‌كان به‌گشتی و پڕیشكیشی به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها كار ده‌كاته سه‌ر لایه‌نی ئابووری و ئاسایشی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ئاواره‌بوون و ڕووتێكردنی هاووڵاتییانی باشووریش له ئارادایه به‌هۆی ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ی كه خۆپێشاندان به‌دوای خۆیدا هێناویه‌تی، ئێمه خوازیارین هه‌موو كێشه‌كان به لێكتێگه‌یشتن و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن، دوور له‌هه‌موو توندوتیژییه‌ك و پاراستنی مافی هاووڵاتییان و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیرییه‌كی سه‌رتاسه‌ری".
سه‌باره‌ت به دووباره نووسینه‌وه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێڕاقیش، د.ڕێواز فایه‌ق ڕایگه‌یاند: "دووباره نووسینه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوور له كه‌شێكی ئارام و سه‌قامگیردا بكرێت باشتره له‌وه‌ی له هه‌لومه‌رجێكی ته‌مومژاوی و ناسه‌قامگیر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئهوەشدا ئێمه ده‌مانه‌وێت له لیژنه دهستوورییهكهدا مافی هه‌رێمی كوردستان و سیسته‌می فیدڕاڵی و په‌رله‌مانی پارێزراوبن، هه‌روه‌ها پێویسته نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت له پاراستنی هه‌رێمه‌كان و پێكهاته‌كان له‌و گۆڕانكارییه ده‌ستوورییانه‌ی كه ده‌كرێن".
له‌باره‌ی ئیشوكاره‌كانی په‌رله‌مانیشه‌وه، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان گووتی: "ئێمه ده‌ستمان كردووه به‌جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی خۆمان و تا ئێستا چه‌ند پڕۆژه‌یاسایه‌كمان ده‌ركردووه، له‌وانه یاسای به‌جینۆسایدناساندنی كۆمه‌ڵكوژیی شنگال، هه‌روه‌ها یاسای ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه به‌نایاسایی دروستكراون، كه به‌په‌سه‌ندكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه نزیكه‌ی 300000 خانووه ده‌بن به‌موڵكی خه‌ڵكی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت له هه‌رێمی كوردستان، له‌ئێستاشدا په‌رله‌مانی كوردستان خه‌ریكی پڕۆژه‌یاسای بیمه‌ی كشتوكاڵییه، به‌پێی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش سه‌ندوقێك دابین ده‌كرێت بۆ پاڵپشتیكردنی به‌رهه‌می خۆماڵی و وه‌ستانی كوردستان له‌سه‌ر پێی خۆی له سێكته‌ری كشتوكاڵدا".
لای خۆیه‌وه ئه‌لیس وڵبۆڵ جێگری نێرده‌ی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن له عێراق سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كرد بۆ هه‌موو ئه‌و ڕوونكردنهوانهو شیكارییه واقیعبینانه‌ی كه پێشكهشیكردن و خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه‌ی كه لێیان كرا.