Skip to the content
Menu

له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی هێمن هه‌ورامی
وۆرکشۆپێکى تایبەت بەئاماده‌كردنی ڕەشنووسی پێشنیازه‌یاسای ڕەوەندی کوردستانی به‌ڕێوه‌چوو

سه‌عات ٩:٣٠ی سه‌رله‌بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەمە ١٧/١١/٢٠١٩، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان لە ھۆڵی پەناگیری لە ته‌لاری پەرلەمان وۆرکشۆپێکى تایبەت بەئاماده‌كردنی ڕەشنووسی پێشنیازه‌یاسای ڕەوەندی کوردستانی سازكرد.
سەرەتای وۆرکشۆپەکە كه‌بەئامادەبوونی ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی زانكۆو ڕێکخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و نوێنه‌رانی حزب و لایه‌نە سیاسییه‌كانی کوردستان و پسپۆڕان و ئه‌كادیمیست و شاره‌زایان و نوێنەرانی پێکھاتەکانی کوردستان کە لەبواری پەیوەندی و ڕەوندی کوردی كاریان کردووە به‌ڕێوه‌چوو، د.ڕێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان بەخێرھاتنی میوانەکانى کردو دواتر ھێمن ھەورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كردو تیایدا وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان باسى لە گرنگیی ئه‌نجامدانى ئه‌مجۆره‌ وۆرکشوپانه‌ كرد به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و پڕۆژه‌و پێشنیازه‌یاسایانه‌ی كه‌ گرنگن وه‌ك ئه‌و وۆركشۆپه‌ی ئه‌مڕۆ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ئاماده‌كردنی ڕەشنووسی پێشنیازه‌یاسای ڕەوەندی کوردستانی و داواشی لە ئاماده‌بووان كرد کە بۆ ئەمجورە کارانە ھاوکارو ھەماھەنگی پەرلەمان بن.
پاشان د.رێبوار بابكه‌یی سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانی تەوەرەکانی وۆرکشوپه‌كه‌ى بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو كه‌ بریتی بوو له‌ قسەکردن لەسەر ده‌ستنیشانكردنی گیروگرفته‌كانی ڕەوەندی کوردستانی و مافه‌كانیان لە دەرەوەی وڵات و رێكخستنی ره‌وه‌ندی كوردستانى و لۆبیكردن و دیپلۆماسییه‌تی جه‌ماوه‌رى (شه‌عبى).
شایه‌نی باسه‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و وۆركشۆپه‌ قۆناغی یه‌كه‌می كاركردن بوو له‌سه‌ر پڕۆژه‌پێشنیازه‌كه‌و له‌قۆناغه‌كانی داهاتووشدا بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پڕۆژه‌پێشنیازه‌كه‌ لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌كات بۆ گفتوگۆكردن و وه‌رگرتنى بیروبۆچوونی ره‌وه‌ندى كوردستانى له‌باره‌یه‌وه‌.
له‌ كۆتایی وۆركشۆپه‌كه‌شدا له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ بیروبۆچوون و پێشنیازی به‌رچاو بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پرۆژه‌پێشنیازه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ کێشەکانی ڕەوەندی کوردستانی و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان خرایه‌ڕوو.
بڕیاره‌ لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانى بۆ تاووتوێكردنی بیروبۆچوون و پێشنیازه‌كان به‌مه‌به‌ستی جێكردنه‌وه‌یان له‌ پڕۆژه‌پێشنیازه‌كه‌ كۆببێته‌وه‌.