Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى تاووتوێى ره‌وشى كرێكاران و گرتووخانه‌كان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنى ره‌وشى كرێكاران و گرتووخانه‌كان، سه‌عات 10:30ى به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 19/11/2019، لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت و له‌مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى رۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ پێشوازی له‌ ده‌ستبه‌كاربوونى په‌رله‌مانتاران (حه‌سیبه‌ سه‌عید ئیبراهیم ) و (زكرى ئه‌حمه‌د ئیسماعیل) و (له‌یلا عه‌بدولجه‌بار حدو) كرد وه‌ك ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌.
هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌كه‌ تاووتوێى ره‌وشى كرێكاران و كێشه‌و گرفته‌كانیان و چۆنیه‌تیى ده‌ستبه‌ركردنى ماف و ئیمتیازاته‌كانیان كراو لیژنه‌كه‌ به‌پێویستى زانى كه‌پێداچوونه‌وه‌ به‌و یاسایانه‌ بكات كه‌ تایبه‌تن به‌ كرێكاران و مسۆگه‌ركردنى ژیانیان.
له‌به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێى ره‌وشى گرتووخانه‌كان و ئه‌و گیراوانه‌ى كه‌ هۆكارى ده‌ستگیركردنیان دیار نییه‌و ئه‌وانه‌شى چه‌ندین مانگه‌ له‌ گرتووخانه‌كانن و تائێستا بێ هۆكار نه‌براونه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر و دادگاكان كرا.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لیژنه‌كه‌ بڕیاریدا به‌نووسراوى فه‌رمى داوا له‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان بكات بۆ دابینكردنى راوێژكارى یاسایی بۆ لیژنه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ئه‌و پرسانه‌ى په‌یوه‌ستن و تایبه‌تن به‌ لیژنه‌كه‌ به‌شێوه‌ى یاسایی چاره‌سه‌ر بكرێن.