Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان ئه‌وله‌ویه‌تی كاركردنی تاووتوێ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی دانانی پلانی كاركردن و ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانى، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕِۆ دووشه‌مه‌ 2019/11/25، لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی هاوڕێ مه‌لا ستار سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمیی لیژنه‌كه‌ بوو دوای جیابوونه‌وه‌ له‌ لیژنه‌ی شاره‌وانی و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پلان و به‌رنامه‌ی كاركردنی ئاینده‌ى لیژنه‌كه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر كراو جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌رشتێك له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان بێت و خزمه‌ت بگه‌یه‌نێت به‌بواری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان پشتگیریی لێده‌كه‌ن و كاری بۆ ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت له‌بواری ڕێگاوبان و یەکەی نیشته‌جێبوون و پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كۆببنه‌وه‌و به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون بۆ پڕۆژه‌كان و به‌رچاو ڕوونی له‌ كۆی پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و دیاریكردنی كه‌موكوڕییه‌كان.