Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ده‌سپاكی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامداو چه‌ند لیژنه‌یه‌كی به‌دواداچوونی پێكهێنا

به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون له‌سه‌ر چه‌ند سكاڵایه‌ك كه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2019/11/19، لیژنه‌ی ده‌سپاكی و كاروباری په‌رله‌مان و سكاڵا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی شیرین ئه‌مین سه‌رۆكی لیژنه‌و ئماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و نوسراو و سكاڵاو داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و گفتۆییان له‌سه‌ر كرا له‌وانه‌ داواكاری مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆی گه‌رمیان و داواكاری و سكاڵای مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی ئاكرێ و ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی سه‌باره‌ت به‌پێوه‌ری ئاوی ماڵان و چه‌ند پرسێكی تری گه‌نده‌ڵی گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا.
له‌دوای گفتوگۆو تاووتوێكردن و وه‌رگرتنی ڕای ئه‌ندامان بڕیاری دروستكردنی چه‌ند لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی درا بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر سكاَلاكان به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستخستنی زانیاری بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سكالأَكان، له‌وانه‌ لیژنه‌یه‌ك سه‌ردانی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ن، لیژنه‌یه‌كی تر سه‌ردانی زانكۆی دهۆك ده‌كه‌ن بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایه‌ی كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی ئاكرێ, هه‌روه‌ها ئه‌و نوسراوانه‌ی تر كه‌ پێویستیان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامی پێویست درانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران.
له‌كۆتایدا بڕیاردرا سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ئاوو ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشتی لیژنه‌ بكرێت به‌مه‌به‌ستی پێدانی به‌رچاوڕوونی و ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر كێشه‌ و كه‌موكوڕیبه‌كان و هه‌نگاوه‌كانی به‌ستنی پێوه‌ری ئاوی ماڵان.