Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ده‌سپاكی و كاروباری په‌رله‌مان و سكاڵا به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌دواداچوونه‌كانى له‌سه‌ر سكاڵا جۆراوجۆره‌كانی هاووڵاتییان

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی ئه‌و سكاڵاو و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ى لیژنه‌كه‌یان كرابوون، دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 6/11/2019، لیژنه‌ی ده‌سپاكی و كاروباری په‌رله‌مان و سكاڵا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی شیرین ئه‌مین سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌هۆڵی لیژنه‌ ئه‌نجامدرا سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و سكاڵاو داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ى لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و گفتوگۆی چڕوپڕیان له‌سه‌ر كراو ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌كان كران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.
له‌به‌شی دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی لیژنه‌ كورته‌باسێكی ده‌رباره‌ی سه‌ردانی سه‌رۆك و چه‌ند ئاندامێكی لیژنه‌كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانیی گه‌رمیان كرد كه‌ له‌سه‌ر سكاَڵای هاووڵاتییان سه‌ردانیان كردبوون و كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان یاداشت كران و بڕیاره‌ ده‌رئه‌نجامی سه‌ردانه‌كه‌ له‌ ڕاپۆرتێكدا ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی هه‌رێم بكرێ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرس و كه‌موكوڕییانه‌ی كه‌ له‌م فه‌رمانگه‌یه‌دا بوونی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت بابه‌تی دارایی و گرێبه‌سته‌كانی ئه‌م فه‌رمانگه‌یه‌.