Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مان وۆركشۆپێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی پێشنیازه‌ یاسای ریكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم ئه‌نجامده‌دات

سه‌عات 10ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ 12/11/2019، لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی بازرگانی و رۆشنبیری و گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وۆركشۆپێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی  ره‌شنووسی پێشنیازه‌ یاسای ریكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم به‌رێوه‌برد.

له‌ده‌سپێكی وۆركشۆپه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی ژماره‌یه‌ك له‌رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و چه‌ندین چالاكوان وپسپۆرو ئه‌كادیمی له‌بواری راگه‌یاندن و ریكڵام به‌رێوه‌چوو، په‌رله‌مانتار لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: لیژنه‌ی رۆشنبیری له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوو كاری له‌سه‌ر گه‌ڵاڵه‌كردنی چه‌ند پێشنیازێك كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی یاسایه‌ك رێككارو رێساكانی ریكڵام كردن له‌هه‌رێمی كوردستان رێكبخرێن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سوود له‌هه‌وڵه‌كانی ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ناوچه‌و پارێزگا جیا جیاكانی هه‌رێم وه‌رگیراوه‌  كه‌ پێشووتر كارییان له‌سه‌ر كردبوو، په‌رله‌مانتار وه‌ردی راشیگه‌یاند: ئامانج له‌م وۆركشۆپه‌ی ئه‌مرۆی لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مان ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و پوختكردنی پێشنیازه‌ یاسای ریكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم به‌رله‌وه‌ی ئه‌م ره‌شنووسه‌ رێككاره‌ یاساییه‌كانی خۆی وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ك داواشی له‌ئاماده‌بوونی وۆركشۆپه‌كه‌ كرد، هه‌ر چ پێشنیازو سرنجێك هه‌بێت ئه‌وا ناوه‌رۆك و ئامانجه‌كانی پرۆژه‌كه‌ پێشده‌خات و لیژنه‌كه‌شییان له‌چوارچێوه‌ی رێككاره‌ یاساییه‌كان جێیان ده‌كاته‌وه‌و پێشكه‌شی په‌رله‌مان ده‌كرێت.

دواتر له‌لایه‌ن راوێژكارانی لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مانه‌وه‌ ته‌واوی برگه‌و مادده‌كانی ره‌شنووسی پێشنیازه‌ یاسای ریكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم بۆ ئاماده‌بووان خوێندرایه‌وه‌و چه‌ندین تێبینی و سەرنج له‌باره‌ی پێشنیازه‌ یاساكه‌ خرایه‌روو،  له‌به‌رامبه‌ریشدا  له‌لایه‌ن لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌وه‌ خرایه‌روو كه‌ لیژنه‌كه‌یان به‌هاوكاری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رجه‌م پێشنیازو تێبینییه‌كان له‌باره‌ی ره‌شنووسی یاساكه‌ پوخت ده‌كاته‌وه‌و له‌چوارچێوه‌ی رێككاره‌ یاساییه‌كاندا له‌ناو پێشنیازه‌ یاساكه‌ جێده‌كرێنه‌وه‌و دوای ته‌واوبوونی راپۆرتی كۆتایی لیژنه‌كه‌و پێداچوونه‌وه‌ی به‌ره‌شنووسه‌كه‌ ئه‌وا  ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان  ده‌كرێت بۆ ئه‌نجامدانی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان.

جێی ئاماژه‌یه‌ ره‌شنووسی  پێشنیازه‌ یاسای ریكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم له‌ 15 مادده‌ و هۆكاره‌كانی ده‌رچوون پێكهاتووه‌و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئاماده‌كاری بۆ كراوه.