Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی تاووتوێی داواكاریی هه‌موارى یاسای ده‌رمانسازان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر داواكاری بۆ هه‌مواری یاسای ده‌رمانسازان و چه‌ند پرسێكی تر، پێشنیوه‌ڕی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 26/11/2019، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.صباح محمود سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و داواكاری و یاداشت و سكاڵایانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون له‌لایه‌ن بڕیارده‌ری لیژنه‌كه‌ خوێندرانه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌كراو ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداركران به‌مه‌بستی چاره‌سه‌رو به‌دواداچوون.
دواتر گفتوگۆكرا له‌سه‌ر ئه‌و داواكارییه‌ی سه‌ندیكای ده‌رمانسازانی كوردستان كه‌ داوای هه‌مواری یاساى ده‌رمانسازان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت چه‌ند بڕگه‌و ماده‌یه‌كی ناو یاساكه‌ گۆڕانكاریی تێدا بكرێت و هه‌ندێ كه‌م و زیادی بۆ بكرێت و دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان بڕیاردرا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش ئه‌نجام بدرێت و هه‌ریه‌كه‌ له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و سه‌ندیكای ده‌رمانسازان بانگهێشتی لیژنه‌كه‌ بكرێن و لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كانی ئه‌م هه‌مواره‌ گفتو گۆی له‌سه‌ر بكرێت.