Skip to the content
Menu

پێشنیازی یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش ئاراسته‌ی حكومه‌ت ده‌كرێت

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی پێشنیازى یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش و چه‌ند پرسێكی دیكه‌، به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2019/11/18، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.سه‌باح مه‌حمود سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و سكاڵا و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆ كاری پێویستیان له‌سه‌ركراو ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی درا كه‌ له‌ داهاتووه‌كی نزیك سه‌ردانی پارێزگای سلێمانی بكه‌ن و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستی ئه‌و پارێزگایه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌نه‌خۆشخانه‌كان و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌سه‌ربكه‌نه‌وه‌ بۆ له‌نزیكه‌ ئاگاداربوون له‌ كاره‌كان و یاداشت كردنی كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، هاوكات لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌كه‌ن بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ڕه‌وشی كۆگای ده‌رمانی ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ هه‌بوونی مه‌رجه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
دواتر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی كاروباری یاسایی ئه‌نجامدرا به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێشنیازى یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش كه‌ له‌دانیشتنه‌كانی ڕابردووی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و ئاراسته‌ی هه‌ردوو لیژنه‌ی ناوبراو كراوه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی هاوبه‌ش له‌باره‌یه‌وه‌، دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی هه‌ردوو لیژنه‌ بڕیاردرا له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌م پێشنیازى یاسایه‌ ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و وه‌رگرتنی ڕاوبۆچوونیان و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لیژنه‌ی ته‌ندروستی و لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجام ده‌درێت و ڕاپۆرتی كۆتایی ئاماده‌ ده‌كرێت و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی ده‌كرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م.