Skip to the content
Menu

جێگری سه‌روكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانانی CDU-CSU كۆبووه‌وه‌

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیاو به‌مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانى كوردستان و په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌روكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاوه‌ریی دڵشاد بارزانی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌لمانیا سه‌ردانی گرووپی CDU – CSUى له‌ناو په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاى كردو چاوی كه‌وت به‌ په‌رله‌مانتار رودریش كێسێ ڤێته‌ر نوێنه‌ری تایبه‌تیی كاروباری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ گرووپی پارتی فه‌رمانڕه‌وا و په‌رله‌مانتار ماركوس گروبیل ئه‌ندامی لیژنه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین گرووپی ناو په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیان.
له‌ دیدارێكدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی ئەڵمانیا جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌ و لای خۆیه‌وه‌ جێگری سه‌روكی په‌رله‌مان پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ باس كرد، به‌تایبه‌ت دانوستاندنه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كه‌ئێستا به‌ره‌وپێشچوونی زۆرباش له‌ئارادایه‌ بۆ رێككه‌وتن و هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی زۆربه‌ی كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی جێبه‌جێكردنی ده‌ستووردا.
سه‌باره‌ت به‌خۆپَشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراقیش جه‌خت له‌پێویستیی جێبه‌جێكردنی داوا ره‌واكانی خۆپێشانده‌ران و پاراستنی گیانی خۆپێشانده‌ران كرایه‌وه‌ و په‌رله‌مانتارانی ئه‌ڵمانیا نیگه‌رانیی خۆیان ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی توندوتیژی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق دژ به‌خۆپێشانده‌ران.
ره‌وشی رۆژئاوای كوردستان و ناوچه‌ی ئارام و ناكۆكییه‌كانی ناوخوی سوریاو پرسی ئاواره‌و په‌نابه‌ران ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوون، لەمڕووه‌وه‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە هاوكاریی نێودەوڵەتیی هەرێمی كوردستان بكرێت بۆئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی شایستە خزمەتی ئاوارەكان بكات و سوپاسی ئه‌ندامانی پارتی ناوبرایشی كرد بۆ ئه‌و هه‌موو هاوكاری و پشتگرییه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی پارتی كریستیانه‌كانی دیموكراتی یه‌كگرتوو.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا خۆشحاڵیی خۆیان به‌م سه‌ردانه‌ی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ئه‌ڵمانیا ده‌ربڕى و هیوایان خواست كه‌ ئه‌مجۆره‌ سه‌ردان و دیدارانه‌ به‌رده‌وامییان هه‌بێت.
هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 2019/11/26، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی دامەزراوەی کۆربەر و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ دیداری ساڵانەی سیاسەتی دەرەوەى ئه‌ڵمانیا.