Skip to the content
Menu

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ پەرلەمانتارانى ئه‌ڵمانیا له‌ فراكسیۆنی پارتی چه‌پی ئه‌و وڵاته‌ كۆبووه‌وه‌

له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، رۆژی پێنجشه‌مه‌ 2019/11/28، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌روكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاوه‌ریی دڵشاد بارزانی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاى فیدرال هێلین ئه‌ڤریم زومه‌ر وته‌بێژ به‌ناوی كۆمیته‌ی هه‌ماهه‌نگیی ئابووری و په‌ره‌پێدان لە فراكسیونی پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز كورده‌و هه‌روه‌ها هایكێ هانزل جێگری سه‌رۆكی فراكسیونی پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تا هێلین ئه‌ڤریم به‌ناوی گرووپی پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا له‌ناو په‌رله‌مان به‌خێرهاتنی هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌روكی په‌رله‌مانى كوردستانى كردو له‌دیدارێكدا چه‌ندین پرس له‌وانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیاو ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان و خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و دۆخى روژئاوای كوردستان تاووتوێكران.
جێگری سه‌روكی په‌رله‌مان باسی سیسته‌م و چۆنیەتیی کاری پەرلەمانی کوردستان و به‌رێوەبردنی كاروباره‌كان له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان و پێكهاته‌ى په‌رله‌مان و به‌شداریی لایه‌نه‌كان و سه‌رجه‌م پێکهاتەو نه‌ته‌وه‌كانی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ژین كردو ره‌وشی ئاواره‌كان و ره‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی گفتوگوى له‌سه‌ر كرا.
لای خۆیانەوە پەرلەمانتارانی پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا خۆشحاڵیی خۆیان له‌مه‌ر ئه‌م سه‌ردانه‌ ده‌ربڕی و جه‌ختییان له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌رده‌وامبوونی ئه‌ڵمانیا له‌ هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كورد كرده‌وه‌.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا جێگری سه‌روكی په‌رله‌مانى كوردستان وه‌ك یادگارییه‌ك لۆگۆى ته‌لاری په‌رله‌مانی كوردستانى پێشكه‌شی خاتوو هێلین ئه‌ڤریم زومه‌ر كرد.