Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمان و کونسوڵی هۆڵەندا پرسی پڕۆژەی چاکسازییان تاووتوێکرد

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ ١٤/١١/٢٠١٩، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی کرد لە ولیام کۆسین کونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەنداو شاندی یاوەری.
لە دیدارێکدا پڕۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆی له‌یاره‌وه‌ کراو کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگیی ئەنجامدانی چاکسازی کرد بۆ رێکخستنەوەو بە سیستەمکردنی هێزەکانی پێشمەرگەو بۆ ئەم مەبەستەش هاوکاریی ‌هۆڵەندای نیشاندا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا کونسوڵی هۆڵەندا ئامادەیی خۆیانی نیشاندا بۆ برەودان بە کەرتی کشتوکاڵی له‌ هەرێمی کوردستان و هەروەها چۆنیەتی بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێری لەکاری پەرلەمانیدا.
لەبەرامبەردا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "کاری لە پێشینەی پەرلەمان بە هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان بریتییە لە ئەنجامدانی چاکسازییەکی گشتگیر لەسەرجەم سێکتەرەکانداو چاکسازی لە سیستمی هێزەکانی پێشمەرگەش بەشێکە لە کۆی گشتیی پڕۆژەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات سوپاسی کونسوڵی هۆڵەندای کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی بە نیازن لە چۆنیەتیی بەهێزکردنی رۆڵی چاودێریی پەرلەمان و کەرتی کشتوکاڵ پێشکەشی هەرێمی کوردستانی بکە و رایگه‌یاند: "هەرێمی کوردستان بەنیازە یاسای وەبەرهێنان هەموار بکاتەوەو گرنگیی زیاتر بدات بەهەردوو کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارو سێکتەرەکانی تر بۆ هێنانەکایەوەی ئابوورییەکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان.