Skip to the content
Menu

سێ لیژنه‌ی په‌رله‌مانی راپۆرتی هاوبه‌ش له‌سه‌ر پێشنیازه‌ یاسای ریكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم ئاماده‌ ده‌كه‌ن

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ  26.11.2019 هه‌رسێ لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی رۆشنبیری و لیژنه‌ی شاره‌وانی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتی كۆتایی له‌سه‌ر ره‌شنووسی پێشنیازه‌ یاسای ریكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم، كۆبوونه‌وه.‌

له‌كۆبوونه‌وه‌هاوبه‌شه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رسێ لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی رۆشنبیری و لیژنه‌ی شاره‌وانی په‌رله‌مان و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ به‌رێوه‌چوو، تێیدا گفتوگۆ له‌سه‌ر مادده‌ و برگه‌كانی ره‌شنووسی پێشنیازه‌ یاسای ریكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم كرا.

له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مادده‌ و برگه‌كانی ره‌شنووسی پێشنیازه‌ یاسای ریكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی هه‌سێ لیژنه‌كه‌وه‌ تێبینی و سرنجی له‌باره‌وه‌ خرانه‌روو، بریاریشه‌ دوای ته‌واوكردنی رێككاره‌كانی گفتوگۆكردن و دارشتنه‌وه‌ی مادده‌كانی، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رسێ لیژنه‌كه‌ تێبینی وپێشنیازه‌كان له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتی هاوبه‌شی  لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی رۆشنبیری و لیژنه‌ی شاره‌وانی پوختده‌كه‌نه‌وه‌و راپۆرته‌كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی تایبه‌ت به‌گفتۆگردن و ده‌نگدان له‌سه‌ری به‌پێی په‌یره‌وی ناوخۆی به‌ركار. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی هه‌رسێ لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی رۆشنبیری و لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی راپۆرتی هاوبه‌ش.

جێی ئاماژه‌یه‌ رۆژی  12.11.2019، لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان، وۆركشۆپێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی  ره‌شنووسی پێشنیازه‌ یاسای ریكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم به‌رێوه‌برد كه‌ به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی ژماره‌یه‌ك له‌رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و چه‌ندین چالاكوان وپسپۆرو ئه‌كادیمی له‌بواری راگه‌یاندن و ریكڵام به‌رێوه‌چوو.