Skip to the content
Menu

لەکەمپەینی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان د.رێواز فایه‌ق: "ئاراسته‌كردنی تواناكان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژی ژنان ئه‌ركێكی سیاسی و یاسایی و ئه‌خلاقییه‌"

ئەمڕۆ دووشه‌مه‌ 25ی تشرینی دووەمى 2019، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شارى هەولێر به‌شداریی له‌ كه‌مپه‌ینی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ژنان لە هەرێمی كوردستان كرد كه‌ له‌لایه‌ن ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانه‌وه‌ رێكخرابوو.
له‌ كه‌مپه‌ینه‌كه‌دا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو تیایدا ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی ئه‌و رۆژه‌ كردو به‌یه‌كێك له‌ بۆنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی داناو رایگه‌یاند: "رۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژی ژنان رۆژێكه‌ بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌ دۆزێكى گرنگ و به‌مه‌به‌ستی ئاراسته‌كردنی ئیراده‌ی سیاسی و توانا مرۆییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كی جیهانیی قووڵ كه‌ به‌رۆكی مرۆڤایه‌تیی گرتووه‌ و ره‌هه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و بگره‌ سیاسیشی هه‌یه‌ و راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌یوه‌ندیی نابه‌رابه‌رى نێوان ژنان و پیاوان".
گووتیشی: "ئاراسته‌كردنی گشت تواناكان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژی ژنان ئه‌ركێكی سیاسی و یاسایی و ئه‌خلاقییه‌"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژی ژنان راده‌گه‌یه‌نرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌ى ئه‌و كچ و ژنانه‌ى له‌ (2010)ه‌وه‌ كوژراون یان خۆیان كوشتووه‌ له‌ 1000 كه‌س نزیكبۆته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی هێنده‌ ترسناكه‌ پێویسته‌ هه‌موومان له‌ ئاستیدا هه‌ڵوه‌سته‌ی جدى بكه‌ین و بزانین له‌ كوێدا له‌ ئاستی قه‌باره‌ى كێشه‌كه‌ مامه‌ڵه‌مان نه‌كردووه‌.
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تیشكی خسته‌ سه‌ر جۆره‌كانی ترى توندوتیژیی راگه‌یه‌ندرا و رانه‌گه‌یه‌ندراو له‌سه‌ر ئاستی تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ هێشتان به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو بوونیان هه‌یه‌ و راشیگه‌یاند: "ئه‌ركى یاسایی و ئه‌خلاقیى دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان و رێكخراوه‌كان و میدیا و تاك به‌تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌ كه‌ رۆلى خۆی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گشت جۆره‌كانى توندوتیژی بگێڕێت و خۆی بۆ ستراتیژێكی نیشتیمانی و دوورمه‌ودا له‌ برى هه‌ڵمه‌تێكی ساڵانه‌ ساز بدات".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌ركی په‌رله‌مانی كوردستانى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تونوتیژی دژ به‌ ژنان خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: "ئه‌ركی ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ره‌خساندنی باشترین هه‌لومه‌رجى یاساییه‌ بۆ دامه‌زراوه‌كانی بوارى ژنان به‌تایبه‌ت ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروبارى خانمان كه‌ ده‌بێت وه‌ك هه‌ر ده‌سته‌ و ئه‌نجوومه‌نێكی تری بواره‌ جیاوازه‌كان یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت و كاروبار و په‌یكه‌ر و ده‌ستڕۆییه‌كانی به‌ یاسا رێكخرابێت و وابه‌سته‌ی یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان كرابێت".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ده‌بێت یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیی خێزانى ژماره‌ (8)ى ساڵی 2011 به‌جۆرێك هه‌موار بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ئاست پێویستیی ئه‌و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییانه‌ بێت كه‌ ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌ و له‌ ئاستی خواستی ژنان و ئازادیخوازانی هه‌رێمه‌كه‌شماندا بێت.
هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌گرنگیی پێگه‌ی ژنان له‌نێو كایه‌كانی ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌ سیاسییه‌كان و ناوه‌نده‌كانی بڕیار و پێویستیی به‌هێزكردنی به‌یاسا كردو راشیگه‌یاند: "ئه‌مه‌ ته‌نها ئه‌و كاته‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ سیسته‌می كۆتا له‌ یاسای حیزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (17)ى ساڵی 1993ى هه‌موار كراو، یاسای كۆمه‌ڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ 18ى ساڵی 1992 و یاسای رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ 15ى ساڵی 2001 و یاسای ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكان بچه‌سپێنین و به‌پره‌نسیپی جیاكاریی ئه‌رێنی بۆ قۆناغی راگوزه‌ر ژنانیش پشتبه‌ست به‌یاسا ده‌رفه‌تی خۆیان وه‌ربگرن".
هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی بو دۆخه‌ خراپانه‌ كرد كه‌ ژنان له‌كاتی جه‌نگدا رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌ و رایگه‌یاند: "نزیكترین نمونه‌ش ژنان و كچانى یه‌زیدین، كه‌ جگه‌ له‌وه‌ى وه‌ك مرۆڤ و وه‌ك هه‌ڵگرى بیرو باوه‌ڕێكى ئاینى جیاواز بوونه‌ قوربانى هێرش و په‌لامارى دڕندانه‌ى داعش، هاوكات ژن بونیش كاره‌ساته‌كه‌ى له‌سه‌ر كردن به‌ چه‌ند هێنده‌و، له‌گه‌ڵ په‌لامارى دڕندانه‌ى پیاوانى نه‌خۆش و شه‌هوه‌تبازى داعشى ڕووبه‌ڕووبوون و له‌ده‌ره‌وه‌ى خواست و ئیراده‌ى خۆیان له‌ بازاڕه‌كانى كڕین و فرۆشتنى كۆیله‌ مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ كرا، له‌ئێستاشدا به‌شێكیان هێشتا چاره‌نووسیان نادیاره‌و، ئه‌وانه‌شى كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هێشتا به‌ ئازارى ئه‌و برینه‌ جه‌سته‌یى و ده‌روونیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن كه‌ له‌ ئه‌نجامى په‌لاماردانیان تووشى هاتوون، هێشتا له‌ ئۆردوگا و كه‌مپه‌كان له‌ دۆخێكى نائارامدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن".
داواشى له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ‌كرد كه‌ هه‌رچى زووه‌ شنگال و گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى ئاوه‌دانبكه‌نه‌وه‌و زه‌مینه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى له‌ ڕووى ئه‌منى و سه‌ربازى و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ بڕه‌خسێنن، بۆئه‌وه‌ى ژنان و كچانى ئێزدى لانیكه‌م به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدى خۆیان به‌شێك له‌برینه‌كانیان ساڕێژبێت و هاوكات ده‌رفه‌تى چاره‌سه‌ركردنیان له‌ڕووى ده‌روونى و به‌هێزكردنى تواناكانیان بڕه‌خسێت.
له‌ كۆتایی وته‌كه‌شیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ سنوورى ده‌ستڕۆییه‌كانى خۆمان له‌بوارى یاسادانان و چاودێریكردن، خۆمان به‌ به‌رپرس ده‌زانین به‌رامبه‌ر هه‌ر ڕووداوێكى توندوتیژى دژى ژنان ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كه‌ى بۆشایی یاسایی یان كه‌موكوڕى بێت له‌ یاسا به‌ركاره‌كان".