Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینی كێشه‌ی خوێندنگه‌ ئاینییه‌كان تاووتوێ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكى گرنگی په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كه‌، به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2019/11/26، لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كێشه‌ی خوێندنگه‌ ئاینییه‌كان كراو په‌رله‌مانتاران هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئه‌م خوێندنگه‌ ئاینییانه‌ بخرێنه‌وە سه‌ر وه‌زاره‌تی ئەوقاف بۆئه‌وه‌ی بێبه‌ش نه‌بن له‌و ماف و ئیمتیازاتانه‌ی كه‌ ده‌رچووانی قوتابخانه‌ ئاساییه‌كان هه‌یانە.
هه‌روه‌ها بڕیاردرا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ هاوتاكه‌یان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆببنه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی هه‌ماهه‌نگیی زیاترو ئاگاداربوون له‌ ئیش و كاره‌كانی یه‌كتری، هاوكات لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی دیوانی وه‌قفی سونی و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عه‌مره‌ی عێراق بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان له‌پرۆسه‌ی حه‌ج و عه‌مره‌ بگه‌یه‌نن و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بده‌ن.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌رایتییه‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له‌سه‌رجه‌م پارێزگاو یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی كوردستان كۆببنه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌ شێوازی ڕاییكردنی كاروباره‌كانیان و ئه‌و كێشه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی هه‌یانه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریان بۆ بده‌ن.