Skip to the content
Menu

لیژنەی دارایی لەگەڵ چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی وەزارەتی دارایی كۆدەبێتەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە١١/١١/٢٠١٩  بەسەرپەرشتی زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان و بە ئامادەبوونی هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕٍیاردەر و ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە لەگەڵ یاسین عبدالواحید  بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان و ساماڵ عبدالرحمن بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم  لە وەزارەتی دارایی كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا کە نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاند تێیدا بەدواداچوون بۆ کێشەکانی گومرگ و چۆنیەتی ئاسانکاری بۆ کاری بازرگانی و بازرگانەکان و گەشتیاران کرا، هەروەها باس لە پێناسەی گومرگی کرا کە لە دەروازەکانی سنوری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و لە ناوچەکانیتری عێراق پێوەی پابەند نابن، لە کاتیکدا بە وتەی بەرێوەبەری گشتی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە داهاتی گومرگەکان لە دوای نەوت و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە داهاتی سێیەمی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا یاسین عبدالواحید بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە شێوەیەکی نموونەیی کاردەکەن و لە پلانیان داهەیە هەرسێ دەروازەکانیتری هەرێمی کوردستانیش کە خۆیان لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و پەرویزخان و باشماخ دەگرێتەوە زیاتر بە دامەزراوەیی بکرێن، ئەوەشی خستە روو کە بریار وایە لە ٢٠/١١/٢٠١٩ لە سەرجەم دەروازەکانی هەرێمی کوردستان پسوولەی وەرگرتن بکرێتە ئەلیکترۆنی و  لە ١/١٢/٢٠١٩ لە هەموو دەروازەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەی پشکنینەکان یەکدەخرێن.