Skip to the content
Menu

نوێنەرانی بەشێک لە زیندانیانی سیاسی یاداشتێکیان ئاراستەی لیژنەی شەهیدان کرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٧/١١/٢٠١٩، لیژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرپه‌رشتیی سوسن محمد میرخان سەرۆکی لیژنه‌و هەژان کوێستانی بڕیاردەری لیژنەو لەنجە دزەیی ئەندامی لیژنەکە پێشوازییان لە هەردوو پارێزەری راوێژکار نجم الدین حەمە سعیدو گۆران جەلال نوێنەرانی ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە له‌ هۆڵی لیژنە له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان بەڕێوەچوو، نوێنەرانی بەشێک لە زیندانیانی سیاسی یاداشتێکیان ئاراستەی لیژنەکە کرد كه‌ تیایدا داوایان کردووە ماف و ئیمتیازاتی ئەو زیندانییانە بدرێت کە لەئێستادا بەپێی یاسا لیستەکانیان یەکلاییکراوەتەوەو بەڵام تائێستا مافەکانیان پێنەدراوە، هەروەها داوایان لە لیژنەکە کردووە ئەو مەلەفە بگرێتە ئەستۆو ئەو مافە خووراوە بۆ زیندانیانی سیاسی بگەڕێننەوە، هاوکات پاکسازی لە لیستی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بکرێت و ئەو کاسانەی کە زیندانی سیاسی نەبوونە ناوەکانیان لە لیستەکانی زیندانیانی سیاسی دەربهێندرێت.
لەلایەن خۆیانەوە لیژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی بەڵێنیاندا هەروەك چۆن لە ماوەکانی رابردوودا بە جدی کاریان لەسەر کەیسی زیندانیانی سیاسی کردووە لەئێستاشدا هەوڵەکانی خۆیان زیاتر چڕ بکەنەوە لەخزمەتی زیندانیانی سیاسی و هەوڵی گەڕاندنەوەی مافەکانیان بدەن، هاوکات رایانگەیاند کە لەداهاتوویەکی نزیکدا بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان یاسای ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی هەموار دەکەنەوە، لەکۆتاییشدا بڕیاریاندا بەراپۆرتێک سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاگادار بکەنەوە.