Skip to the content
Menu

هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه

بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٥/١١/٢٠١٩  هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان  به‌ سه‌رپه‌رشتیی  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی  د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان و مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌تەلاری سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان کۆبوونه‌وه.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئەو دۆخەی ئێستای عێراق و ڕه‌نگدانه‌وه‌کانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكران، وباس لە ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ کرا، هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ كۆك بوون له‌سه‌ر ئەوەی چاودێرییەکی وردی بارودۆخەکە بکرێت و بەرژەوەندییەکانی گەلانی عێراق  و هەرێمی کوردستان لەبەرچاوبگیرێت.

هەرلە کۆبوونەوەکەدا  هەرسێ سه‌رۆکایه‌تیەکە دووپاتیان کرده‌وه‌ که‌ زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا رووبەرووی عێراق بووەنەتەوە هۆکارەکەی بۆ جێبەجێ نەکردنی دەستوور دەگەرێتەوە، لەسەر ئەوەش هاوڕابوون  که‌ هه‌ر هه‌موارێک لە ده‌ستوور ئەنجامبدرێت پێویستە مافە دەستووری و یاسایی و ئیدارییەکانی هەرێمی  کوردستان و سەرجەم پیکهاتەکانی عێراق پارێزراو بێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەرسێ سەرۆکایەتییەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بۆ هەر پێشهاتەیەک لە پەیوەندی دادەبن و بەشێوەیەکی دەووری کۆبوونەوەکانیان ئەنجامدەدەن.