Skip to the content
Menu

هێمن هه‌ورامی نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ دیدارى به‌رلین بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمیی دامه‌زراوه‌ى كۆربه‌ر و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 27/11/2019، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى له‌ ئه‌لمَانیا كردو له‌لایه‌ن دڵشاد بارزانی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌و وڵاته‌ پێشوازیی لێكرا.
له‌ دیدارێكدا هه‌ردوولا به‌گرنگییه‌وه‌ باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حكومه‌تی وڵاتان كرد به‌مه‌به‌ستی سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی كارى حوكمڕانی و په‌رله‌مانیى وڵاتان و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و دیپلۆماسییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتان به‌جۆرێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولادا بێت.
لای خۆیه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ستایشی رۆلی دڵشاد بارزانیی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستانى له‌ ئه‌ڵمانیا كرد به‌رامبه‌ر ئه‌م رۆله‌ گه‌وره‌یه‌ى كه‌ له‌ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئه‌ڵمانیا بینیویه‌تی به‌تایبه‌ت له‌كاتی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و هاوكارییه‌كانی ئه‌لمَانیا بۆ ئاواره‌كان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
له‌ ته‌وه‌رێكی تردا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پته‌وتركردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ له‌ وڵاته‌ جیاجیاكان كه‌ ده‌توانن رۆلی زۆر گه‌وره‌ ببینن له‌ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان وڵاتان و هه‌رێمی كوردستاندا.