Skip to the content
Menu

هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی چوار لێژنەی نوێ و حەوت لێژنەی تری پەرلەمان ئەنجامدرا

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠/١١/٢٠١٩ بەسەرپەرشتی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و بە ئامادەبوونی مونا نەبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری لێژنەی یاسایی پەرلەمان هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی چوارلێژنەی نوێ و ئاڵگۆڕ بۆ دەستەی سەرۆکایەتی حەوت لێژنەیتر کرا.

دوای هەموارکردنەوەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ، هەر یەک لە لێژنەکانی (داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت، ئاوەدان کردنەوە و وەبەرهێنان، ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان و لێژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا) بۆ پەرلەمانی کوردستان زیاد کرا، پاشان بەپێی ڕێکەوتنی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەرگای خۆپاڵاوتن کراویەوە و هەریەک لە پەرلەمانتاران ( لەنجە ئیبراهیم عبدالرحمن بۆ سەرۆک و ئاشنا عبدالقادر بۆ جێگری سەرۆکی لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان ) ، (هاوڕێ بنا‌ء محمد صاڵح بۆ سەرۆک و بەهجەت علی ئیبراهیم بۆ جێگر و ظاهر محمد علی بۆ بڕیاردەری لێژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان)، ( شاخەوان رەئوف مستەفا بۆ سەرۆک و باڵانبۆ محمد علی بۆ جێگر و حکمەت محمد ئەبو زەید بۆ بڕیاردەری لێژنەی ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێیەکان )، ( ئیسماعیل علی تەها بۆ سەرۆک و چیا حمید شەریف بۆ جێگری سەرۆکی لێژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا) هەڵبژێردران، هاوکات گۆڕانکاری لە دەستەی سەرۆکایەتی حەوت لێژنەی تری پەرلەمان کرا ، و هەریەک لە پەرلەمانتاران ( عبدالستار مجید قادر بۆ سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری)، ( سەلمە فاتیح تۆفیق بۆ سەرۆکی لێژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان )، (علی حەمە صاڵح بۆ سەرۆکی لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی )، ( لوقمان حەمەد حاجی مستەفا بۆ سەرۆکی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشت و گوزار)، ( ئەبوبەکر عمر عبدالله بۆ بڕیاردەری لێژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی)، ( ڕزگار محمد محمود بۆ بڕیاردەری لێژنەی کاروباری پێشمەرگە)، ( موسلیم عبداللە رەسول بۆ جێگری لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) هەڵبژێردران و دەنگی پێویستی ئەندامانی لێژنەکانیان بەدەست هێنا .

پاشان هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوابەدوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەو لێژنانەی کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، جەختی لە گرنگی کاری لێژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردەوە لە نوسینەوەی پێشنیازی یاسا و بڕیارەکان و چاودێری کاروباری وەزارەت و لایەنە پەیوەندرەکانی حکومەت و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان ، هاوکات تەئکیدی لە کاری پێکەوەیی و یەکتیمی و هەماهەنگی نێوان پەرلەمانتاران و لێژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردەوە .

شایانی باسەی لە دانیشتنی ژمارە ٣ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی یەکەمی خولی پێنجەمی هەڵبژاردن لە رێکەوتی ٢٩/٩/٢٠١٩ ، بە کۆی ٩١ دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان  پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان هەموارکرایەوە و بڕیاردرا چوار لێژنەی نوێ لە پاڵ لێژنەکانیتری پەرلەمانی کوردستان زیاد بکرێت.