Skip to the content
Menu

کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری لەبارەی پێشنیازی یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەچوو

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20/11/2019 به‌ سه‌رپه‌رشتيی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیری كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان و وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ڕاوێژكاری سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازه‌ یاسای ( پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان - عێڕاق) به‌ڕێوه‌چوو،

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا میكانیزمی داڕشتنی مادده‌كانی ناو یاساكه‌و ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م نووسینه‌وه‌ی بڕگه‌كانی به‌ تێرو ته‌سه‌لی باس كرا، سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تێڕوانین و دیدگای خۆی له‌سه‌ر پێشنیازه‌ یاساكه‌ خسته‌ ڕوو و ڕایگه‌یاند: "ئه‌م پێشنیازه‌ یاسایه‌ په‌یوه‌نديی به‌ بازرگانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ لایه‌نی زاڵه‌ له‌ ده‌ركردنی یاساكه‌دا، بۆیه‌ به‌ پابه‌ند بوون به‌ بڕگه‌ی سێهه‌م له‌ مادده‌ی 110ی ده‌ستوری عێڕاقی و ده‌رنه‌چوون له‌ پره‌نسیپه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی یاسا عێڕاقیه‌كه‌ هه‌وڵمانداوه‌ یاسایه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان دابڕێژینه‌وه‌ كه‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیيه‌كانی پاراستنی به‌رووبووم و به‌رهه‌می خۆماڵی تیادا بپارێزرێت له‌به‌رده‌م لێشاوی به‌رهه‌می هاورده‌". له‌ته‌وه‌رێكی تری قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی كرد كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی له‌م یاسایه‌دا زیاتر پاراستنی به‌روبوومی كشتوكاڵی وپیشه‌سازییه‌.

دواتر هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان وه‌زیری كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان و وه‌زیری بازرگانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی لێژنه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی تایبه‌ت به‌ ده‌ركردنی یاساكه‌ تێڕوانین و سه‌رنجه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر پێشنیازه‌ یاساكه‌ ده‌ربڕی و بڕیاردرا له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا جارێكی تر كۆببنه‌وه‌ بۆ خستنه‌ ڕوو و گفتوگۆكردنی ئه‌و بڕگانه‌ی كه‌ گۆڕانكارییان تیادا ده‌كرێت.