Skip to the content
Menu

د. ڕێواز فایه‌ق : تكا له‌ خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی شاری هه‌ولێری خۆشه‌ویست ده‌كه‌م كه‌ ده‌ستگیرۆیی كه‌مپه‌ینی هاوكاریكردنی لێقه‌وماوانی رۆژئاوا بكه‌ن

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21/10/2019 د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی كه‌مپه‌ینی ( هاواری نیشتمان) ی كرد.

به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردن بۆ ئاواره‌و لێقه‌وماوانی رۆژئاوای كوردستان ئه‌مڕۆ د. رێواز فایه‌ق سه‌ردانی كه‌مپه‌ینی (هاواری نیشتمان)ی كرد كه‌ له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه‌ له‌ حه‌ڤده‌ی ئه‌م مانگه‌وه‌ رێكخراوه‌،  سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ئاماده‌یبوون ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یانی بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن خسته‌ ڕوو و ڕایگه‌یاند:" پاڵپشتیكردنمان بۆ كه‌مپه‌ینه‌كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ ڕووی ماددییه‌وه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ ڕووی مه‌عنه‌ویشه‌وه‌ له‌ ژێر ڕۆشنایی ڕاسپارده‌ (12) خاڵیه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه‌، داوا له‌ خه‌ڵكی هه‌لێر ده‌كه‌م وه‌ك چۆن له‌ ڕابردوودا به‌وپه‌ڕی دڵ كراوه‌یی و میهره‌بانییه‌وه‌ هاوكاری لێقه‌وماوان  و ئاواره‌كانیان كردوه‌، ئێستاش  ئاوا به‌رده‌وامبن له‌ هاوكاریكردنی ئاواره‌كانی رۆژئاوا، وه‌ تكا ده‌كه‌م كه‌ كه‌مپه‌ینه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن، هه‌روه‌ها داوا له‌ سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران ده‌كه‌م كه‌ ده‌ستی هاوكاری بۆ لێقه‌وماوانی ئه‌م كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ درێژ بكه‌ن و هاوكاری سه‌رجه‌م كه‌مپه‌ینه‌كان بكه‌ن "

له‌ به‌شێكی تری سه‌ردانه‌كه‌یدا داوی له‌ رێكخه‌رانی كه‌مپه‌ینه‌كه‌ كرد، كه‌ بۆ گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان ڕێوشوێنی یاسایی بگرنه‌به‌ر به‌ هه‌ماهه‌نگی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان و پارێزگا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌یاندنی  هاوكاری وپێداویستییه‌كاندا دوچاری هیچ جۆره‌ گیرو گرفتێكی یاسایی نه‌بن.