راگەیاندراوێك لە لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان
لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی رووداوی گیان لە دەستدانی هەردوو رۆژنامەنووس (ئامانج بابانی) و (لانە محمد) و منداڵەکەیان بڵاوکردەوە ، ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
ئێوارەی دوێنێ (16/ 10/ 2019)، كارەساتێكی جەرگبڕ هەموومانی لە هەرێمی كوردستان دا توشی خەمباریی و شۆك كرد، كە ئەویش روداوی گیان لەدەستدانی هەردوو ڕۆژنامەنوس كاكە "هێمن نوری"، ناسراو بە "ئامانج بابانی" و "لانە حەمەساڵح"ی هاوسەری و مناڵە چاوگەشەكەیان بوو.
ئەم روداوە كە لەبەردەم تێرمیناڵی شارەزوردا رووی داوە، كارەساتێكی خەمناك و گەورەیە و زیانێكی گەورەشە بۆ سەر كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستان.
ئێمە لە لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان-ی پەرلەمانی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی پرسە و هاوخەمیی خۆمان بۆ خانەوادە بەرێزەكانیان و رۆژنامەنوسانی كوردستان رادەگەیەنین، داواش لە دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس دەكەین پیشەییانە بەڵگەكانی تایبەت بەم كارەساتە بۆ ڕای گشتیی كوردستان روونبكەنەوە و نابێت ئەم روداوە، بە تەمومژیی بمێنێتەوە و لێكدانەوەی جیای بۆ بكرێت.
لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان
17/ 10/ 2019