Skip to the content
Menu

سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایی و كاروبارى ئابوورى هه‌ڵبژێردرا

به‌سه‌رپه‌رشتیی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان و نوێنه‌رى لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، زیاد جه‌بار محه‌مه‌د به‌ده‌نگى (9) ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی و كاروبارى ئابوورى وه‌ك سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ هه‌ڵبژێردرا.
سه‌عات (11)ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 8/10/2019، لیژنه‌ى دارایی و كاروبارى ئابوورى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان و نوێنه‌رى لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و هێڤیدار ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ى دارایی و كاروبارى ئابوورى و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، زیاد جه‌بار محه‌مه‌د له‌ رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ى دارایی و كاروبارى ئابوورى هه‌ڵبژێردرا..
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆیدا له‌لایه‌ن ئه‌و دوو شانده‌ى لیژنه‌ى دارایی كه‌ سه‌ردانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و وڵاتى مالیزیا-یان كردبوو راپۆرتێكی تێروته‌سه‌ل سه‌باره‌ت به‌ هه‌ردوو سه‌ردانه‌كه‌ خرایه‌ڕوو.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌د گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌پێشنیازى چاكسازى كرا كه‌ دوێنێ دووشه‌مه‌ لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگیى هاوبه‌شی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت له‌سه‌رى كۆبوونه‌وه‌.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ به‌نووسراوى فه‌رمى داواى له‌وه‌زیرى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستیى حكومه‌تى هه‌رێم كرد كه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ی راپۆرتى دیوانى چاودێریى دارایی رێوشوێنی یاسایی له‌سه‌ر زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ بگرێته‌به‌ر.