Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى دارایی تاوتوێى تعریفه‌ى گومرگ ده‌كات

لیژنه‌ى كاروبارى دارایی و ئابوورى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ لقى هه‌ولێرى یه‌كێتى هاورده‌و ناردنكارانى كوردستان تاوتوێى داهات و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنى بازرگانى ده‌كات، سه‌عات 12ى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ به‌سه‌رپه‌رشتى زیاد جه‌بار سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ هۆڵى لیژنه‌ى دارایی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ گه‌یلان سه‌عید سه‌رۆكى لقى هه‌ولێرى یه‌كێتى هاورده‌و ناردنكارانى كوردستان و ته‌واوى ستافى لقه‌كه‌ ئاماده‌یبوون، جێگر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌ى دارایی و ئابووریش گفتوگۆیان له‌سه‌ر ئه‌و یاساییانه‌ كرد كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ هاورده‌و ناردنكاران.

له‌به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌ تیشكخرایه‌سه‌ر تعریفى گومرگ كه‌ كاریگه‌رى كردۆته‌سه‌ر جوڵه‌ى بازرگانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌جۆرێك له‌ 50% كه‌مى كردووه‌و به‌هه‌زاران كه‌سى بێكاركردووه.‌

یه‌كێتى هاورده‌و ناردنكارانى كوردستان له‌به‌رده‌م لیژنه‌ى كاروبارى دارایی و ئابوورى روویانیان كرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆى جێبه‌جێنه‌كردنى تعریفه‌ى گومرگ له‌ ده‌روازه‌ سنوریه‌كانى عیراق وایكردووه‌ كاڵاكان هه‌رزانتر له‌سه‌ر بازرگانه‌كان بوه‌ستێت ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆكارى تاكو بازرگانانى هه‌رێمى كوردستان روو له‌ده‌روازه‌ سنوریه‌كانى باشورى عیراق بكه‌ن.

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ لیژنه‌ى كاروبارى دارایی و ئابوورى پێشنیازیكرد كه‌ هه‌نگاوى جدیان ده‌بێ بۆ كاراكردنى جوڵه‌ى بازرگانى له‌هه‌رێمى كوردستان و به‌ستنى كۆنفڕانسى بازرگانى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى وزه‌ و سامانه‌ سروشتیه‌كان و پیشه‌سازى و بارزگانى و وه‌زاره‌تى بازرگانى و ئه‌نجومه‌نى ئابوورى سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.