Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ته‌ندروستی به‌دواداچوون بۆ شێوازی هاورده‌كردنی ده‌رمان له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و ئاگاداربوون له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی هێنانه‌ناوه‌ی ده‌رمان له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 2/10/2019، شاندێكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ ڕۆژان سلێڤانه‌یی و لوقمان وه‌ردی و موسلم عبداڵله‌ قه‌سرێ و د.گه‌لاوێژ عوبێد ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێری كردو له‌گه‌ڵ ته‌لار فایه‌ق به‌ڕێوبه‌ری گشتیی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌ به‌دواداچوون بوو بۆ شێوازی هاورده‌كردن و هه‌نگاوه‌كانی كۆگاكردن و هه‌بوونی مه‌رجی ته‌ندروستی و كوالیتی كۆنتڕۆڵی فڕۆكه‌خانه‌كه‌، له‌ئه‌نجامی گفتو گۆ و به‌دواداچوون و بینینی كۆگاو كوالیتی كۆنتڕۆڵی ناو فڕۆكه‌خانه‌كه‌ چه‌ند كێشه‌و كه‌موكوڕی به‌دیكران و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ یاداشتكران.
بڕیاره‌ له‌ڕاپۆرتێكدا سه‌رجه‌م تێبینی و كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاگادار بكرێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ری گونجاو بدۆزرێته‌وه‌.