Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ده‌سپاكی سه‌ردانی خاڵی گومرگیی ئیبراهیم خه‌لیل ده‌كات

لەدرێژەی سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانی بۆ خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی بەدواداچوون و ئاگاداربوون له‌چۆنیه‌تیی كاره‌كان و راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان لە خاڵە گومرگییەکانى سنووری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەمە 1-10-2019، شاندێكی لیژنەی دەسپاکی و كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پێکھاتبوو لە شیرین ئەمین سەرۆکی لیژنە و سه‌عید مستەفا جێگری سه‌رۆكی لیژنە و شنۆ ئەشقی ئەندامی لیژنەكه‌ و فەرەیدون عه‌لی ڕاوێژکاری لیژنەكه‌ خاڵی سنووریی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیلی بەسەرکردەوە.
شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ ھەریەک لە حه‌مید عه‌لی ئیبراھم بەڕێوەبەری خاڵی سنووری ئیبراھیم خەلیل و فرسەت عه‌لی محه‌مه‌د بەڕێوەبەری گومرگ و کۆمپانیای نیو ستاندارد بۆ پشکنین و کۆنتڕۆڵی جۆرى كۆبووه‌وه‌ ھەروەھا شانده‌كه‌ یەکەى پشکنینەکانی تاقیگەی فیزیایی وکیمیایی و بایۆلۆجی و کرێکارو شۆفێران و مەیدان-یان به‌سه‌ر كرده‌وه‌و سه‌رجه‌م تێبینی و كه‌موكوڕی و سه‌رنج و پێشنیازه‌كانیان یاداشت كرد و به‌ڵێنی به‌داواداچوون و گه‌یاندنی به‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان، هه‌روه‌ها کۆی زانیارییەکان لەلایەن شاندی لیژنەكه‌وە داتا کراوەو بڕیاره‌ له‌لایه‌ن ئەندامانی شانده‌كه‌وه‌ بکرێت بەڕاپۆرت و ئاراستەی سه‌رۆكایه‌تیی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.