Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كوالێتی كۆنتڕۆڵی ده‌رمان كۆبونه‌وه‌

 به‌مه‌به‌ستی ئاگادار بوون له‌ چۆنیه‌تی كاركردنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كوالێتی كۆنتڕڵی ده‌رمان نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 14/10/2019لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر به‌سه‌رپه‌رشتی د.صباح محمود سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بونی جێگر و بڕیار ده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌ له‌ گه‌ڵ ستافی كارگێڕی كوالێتی كۆنتڕۆلی ده‌رمان كۆبونه‌وه‌.

 له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌ هۆڵی لیژنه‌کە به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تا شاندی میوان كورته‌ باسێكیان لەباره‌ی شێوازی كاركردن و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و كه‌م و كوڕی و پێداویستیه‌كان كرد و تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌و پێداویستیانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بۆیان دابین بكرێت بۆ باشتركردن و خێراتر ڕاپه‌راندنی كاره‌كانیان، به‌تایبه‌ت دابین كردنی شوێنێكی گونجاوتر و فراوانتر و زیاد كردنی فه‌رمانبه‌ر و دكتۆری پسپۆڕ و ئامێری پێشكه‌وتوی تاقیگه‌، دواتر سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ وێڕای ده‌ستخۆشی له‌كاره‌كانی ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ هاوكات تێبینی و پرسیاره‌كانیان ئاراسته‌ی شاندی میوان كرد و گفتوگۆكرا له‌سه‌ر بابه‌تی نرخی ده‌رمان و جۆری ده‌رمان و سه‌رجه‌م ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌چاره‌سه‌ركردن هه‌یه‌، هه‌ردولا هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ باشترین جۆری ده‌رمان به‌ كه‌مترین نرخ بگات به‌ده‌ستی نه‌خۆش له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌كۆتایدا بڕیاردرا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌کە سه‌ردانی مه‌یدانی ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ بكه‌ن و له‌ نزیكه‌وه‌ كێشه‌وگرفته‌كان به‌چاوی خۆیان ببینین و ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو بدۆزنه‌وه‌ بۆ گرفته‌كان.