Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 1/10/2019، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.سه‌باح مه‌حمود سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام داو تیایدا گفتوگۆكرا له‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانی ته‌ندروستی له‌شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان.
ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراو و یاداشت و داواكاری و سكاڵایانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و كاری پێویستیان له‌سه‌ر كراو ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران.
دواتر ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی لیژنه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون و به‌دواداچوون بۆ كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان سه‌ردانی مه‌یدانیان ئه‌نجامدا كورته‌باسێكیان خسته‌ڕوو شایان كاكه‌ ساڵح جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی ته‌ندروستیی كۆیه‌و نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید خالیدی هه‌مان قه‌زای خسته‌ڕوو كه‌سه‌ردانی مه‌یدانیی كردبوو بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ دۆخی كه‌رتی ته‌ندروستی ئه‌م قه‌زایه‌، هه‌روه‌ها ڕۆژان سلێڤانه‌یی بڕیارده‌ری لیژنه‌كه‌ له‌ ڕاپۆرتێكدا ده‌رئه‌نجامی به‌دواداچوونی خۆی بۆ شێوازی له‌ناوبردنی پاشماوه‌ی پزیشكی ده‌رمان له‌پارێژگای دهۆك خسته‌ڕوو, هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گه‌لاوێژ عوبێد ئه‌ندامی لیژنه‌ پوخته‌یه‌ك له‌و كه‌موكوڕییانه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ له‌ به‌شێك له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر بوونیان هه‌یه‌و له‌ئه‌نجامی به‌دواداچوون و سه‌ردانیكردنی پێی گه‌یشتووه‌.
له‌ كۆتاییدا زانا مه‌لا خالید سه‌رۆكی لیژنه‌ى ده‌رمان ده‌رئه‌نجامی كاره‌كانی لیژنه‌ی ده‌رمانی خسته‌ڕوو و دوای گفتوگۆی ئه‌ندامانی لیژنه‌ بڕیاردرا له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ڕاپۆرتێك له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌ت بكرێت و كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان و چاره‌سه‌رییه‌كان بۆ باشتركردنی كه‌رتی ده‌رمان بخرێته‌ڕوو.