Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ناوچه‌كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كاریگه‌رییه‌كانی دۆخی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ تاووتوێ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دواین پێشهاته‌كان و كاریگه‌رییه‌كانى ده‌رئه‌نجامى خۆپیشاندانه‌كانی عێڕاق له‌سه‌ر ناوچه‌كوردستانیبه‌كان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2019/10/30، لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی جوان یونس ڕۆژبه‌یانی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و یاداشت و سكاڵاو داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌و ئه‌ندامانى كرابوون له‌لایه‌ن سه‌رۆكی لیژنه‌ خوێندرانه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌كردنیان.
ته‌وه‌ری دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌باسكردنى دواین پێشهات و ڕووداو و گۆڕانكارییه‌كانی عێراق و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ئاینده‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌و رووه‌وه‌ش جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ وه‌ك لیژنه‌ بۆ پاراستنی مافه‌كانی دانیشتوانی ئه‌م ناوچانه‌ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌مواری ده‌ستووری عێڕاقدا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بژاره‌ده‌كان ئه‌وا لیژنه‌ له‌ هه‌ماهه‌نگیدا بێت له‌گه‌ڵ كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زای یاسایی و ده‌ستووری بۆئه‌وه‌ی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردسانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق داخوازی و بڕگه‌ گرنگه‌كانی تایبه‌ت به‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی دانیشتوان و هاونیشتمانیان په‌سه‌ند بكرێن و ئاماژه‌ به‌ گرنگبی یه‌كڕیزبی سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌ سیاسیبه‌كانی كوردستان كرا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێشهات و گۆڕانكارییه‌ خێراكان.