Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی وه‌رزش له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبونه‌وه‌

 به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر ئاسته‌نگ و خستنه‌ڕوی چاره‌سه‌ری كێشه‌ وه‌رزشیه‌كانی كوردستان و بوجه‌ی ته‌رخان كراوی یانه‌كان پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 29/10/2019لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان به‌سه‌ر په‌رشتی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌ بونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ پێشوازیان له‌ شاندێكی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی وه‌رزش كه‌پێكهاتبون له‌ د. شاكر احمد سمۆ به‌ڕێوبه‌ری گشتی وه‌رزش له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ستافێكی یاوه‌ری كرد.

كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای لیژنه‌ی ڕۆشنبیری بوو به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی زانیاری و به‌رچاو ڕوونی له‌ سه‌ر شێوازی سه‌رفكردنی بڕی دوو ملیار دینار كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كرا بوو بۆ یانه‌ وه‌رزشیه‌كان ، و ستافی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ڕونكردنه‌وه‌ی پێویستیان خسته‌ ڕوو له‌سه‌ر شێوازی سه‌رفكردن و دابه‌ش كردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌سه‌ر یانه‌كانی پارێزگاكانی كوردستان، له‌به‌شی دووه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌ گفتو گۆ كرا له‌سه‌ر كۆی گشتی ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ست و كێشه‌كانی بواری وه‌رزش له‌هه‌رێمی كوردستان و هه‌ردوو لا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگی وه‌رزش و هۆكاره‌كانی پێشخستنی ئه‌م بواره‌ ، هاوكات سه‌رۆكی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ به‌رو پێش بردن و به‌ دامه‌زراوه‌ كردنی زیاتری وه‌رزش له‌هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ وه‌رزش و یانه‌كان ده‌ربچوێندرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی دا ده‌بن له‌ گه‌ل ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ و كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا له‌م بواره‌ بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م پێشنیازه‌ یاساییه‌ و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.