Skip to the content
Menu

هه‌وڵ بۆ دۆزینه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانی ده‌ستی داعش ده‌درێت

ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 1/10/2019، له‌میانی دیدارێكدا كه‌ له‌هۆڵی په‌ناگیریی په‌رله‌مانی كوردستان له‌نێوان كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانی شه‌ڕی داعش و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، د.رێواز فایه‌ق له‌ وته‌یه‌كدا هاوخه‌می و هاوسۆزیی خۆی بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان و دیله‌كانی شه‌ڕی داعش ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هاوخه‌میی خۆمانتان بۆ ده‌رده‌بڕین و كه‌سوكارو رۆڵه‌كانی ئێوه‌ وه‌ك چۆن كه‌سوكاری ئێوه‌ن ئاواش كه‌سوكاری ئێمه‌ن، ئه‌و ئازادی و سه‌روه‌رییانه‌ی له‌كوردستاندا هه‌یه‌ به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان وقوربانیدانی رۆڵه‌كانی ئێوه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ لای خۆمانه‌وه‌ درێغی ناكه‌ین له‌ هه‌رچی له‌ تواناماندا بێت بۆ به‌دواداچوون و دۆزینه‌وه‌ی دیله‌كانی شه‌ڕی داعش و ئازادكردنیان، راسته‌ هه‌ریه‌ك له‌ئێوه‌ هه‌ڵگری كۆڵێك خه‌فه‌ت و زووخاوه‌، به‌ڵام دڵنیابن كه‌ ئازارو مه‌ینه‌تییه‌كانی ئێوه‌ ئازاری هه‌موو كوردێكه‌، لای خۆمانه‌وه‌ هه‌رچی له‌ده‌ستمان بێت ئه‌یكه‌ین و هه‌وڵی به‌رده‌وام ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوندیداره‌كاندا بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر سه‌ره‌داوێك سه‌باره‌ت به‌ دیله‌ نادیارو ونبووه‌كانی ئه‌م شه‌ڕو كاره‌ساته‌ نه‌گریسه‌".
دواتر نوێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانی شه‌ڕی داعش شێخ عیرفان به‌رزنجی له‌جیاتی تێكڕای خانه‌واده‌كان ویست و داخوازی و نه‌هامه‌تییه‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدو دیله‌كانی به‌درێژی خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها ئاماده‌بووانی دیداره‌كه‌ به‌جیا جیاو له‌نزیكه‌وه‌ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیی خۆیان بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسكرد.
پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڵێنی پێدان كه‌ یاداشتی كه‌سوكاری دیله‌كان راده‌ستی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكات و به‌دواداچوونی جدیی بۆ بكرێت.