ڕاگەیاندراوی لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمان، بەبۆنەی ناساندنی سلێمانی وەك یەكێك لە شارە داهێنەرەكانی جیهان
ڕێكخراوی "یۆنیسكۆ"ی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان، كە بایەخ بە پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیریی دەدات، بە فەرمیی شاری "سلێمانی" وەكو یەكێك لە شارە داهێنەرەكانی جیهان لە بواری ئەدەب دا ناساند و لەم چوارچێوەیەدا و لەسەر ئاستی جیهان دا، سلێمانی بووە ئەندامێكی تۆڕی جیهانیی 246 شاری داهێنەری یۆنیسكۆ.
بەم بۆنەیەوە، "لیژنەی ڕۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان" لە پەرلەمانی كوردستان، پیرۆزبایی گەرم لە هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بەتایبەتی نوسەران و ئەدیبان و ڕۆشنبیران دەكات، كە ئەم شارە خراوەتە لیستی شارە داهێنەرەكانی جیهانەوە، ئەمە لە كاتێكدایە ئەم شارە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دا، یەكەمین رۆژنامەی كوردیی لەم شارەدا دەرچوە و یەكەمین چاپخانەیش هەر لەم شارەدا بوە، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی سەدان ڕۆشنبیر و ئەدیب و نوسەری گەورەیە، كە جێگا پەنجەیان بە بوارەكانی فەرهەنگیی و ئەدەبییەوە دیارە.
وەكچۆن بۆ ڕێزلێنان لە پێگە و مێژويی ڕۆشنبیریی ئەم شارە، لە ساڵی 2012دا، پەرلەمانی كوردستان، بڕیاری دا بە ناساندنی "سلێمانی"، وەك پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستەیش، بڕیاردرا ساڵانە و لە چوارچێوەی گەشەپێدانی ژێرخانی ڕۆشنبیریی دا، 20 ملیار دیناری بۆ تەرخانبكرێت.
لیژنەی ڕۆشنبیریی لە پەرلەمان، ڕۆشنبیران و ئەدیبان و هونەرمەندان و هاونیشتمانیان لە پایتەختی ڕۆشنبیریی دڵنیادەكاتەوە، كە پشتوپەنای ئەم شارە دەبێت بۆ زیاتر گەشەپێدانی كایەی كولتوریی و ئەدەبیی و هونەریی، بۆ ئەوەی هەمیشە سەرمەشق بێت لە داهێنان و ڕۆشنبیریی دا.
لیژنەی ڕۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان
پەرلەمانی كوردستان