Skip to the content
Menu

ئاماده‌كاری بۆ پڕۆژه‌یاسای قه‌رزی گشتیی عێراق ده‌كرێت

ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2/10/2019، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ تۆبی فێیف سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی شاره‌زایی پێشه‌نگی کەنەدی كرد.
له‌دیدارێكدا كه‌ له‌نێوان د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و تۆبی فێیف سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی شاره‌زایی پێشه‌نگ و ستیفن تیرنی به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری په‌یمانگه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، دوابه‌دوای به‌خێرهێنان و پێشوازیلێكردنیان، سه‌ره‌تا تۆبی فێیف دواو ئه‌و بوارانه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ په‌یمانگه‌كه‌یان كاری تێدا ده‌كات و رایگه‌یاند: "ئێمه‌ كارده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئاستی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، هه‌روه‌ها به‌هێزكردنی پره‌نسیپی لامه‌ركه‌زیه‌تی دارایی و ئاماده‌كاری بۆ پڕۆژه‌یاسای قه‌رزی گشتی له‌ عیراق".
پاشان د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تێڕوانین و شیكردنه‌وه‌یه‌كی وردی بۆ هه‌رسێ بوار خسته‌ڕوو و گووتی: "ئێمه‌ چاودێری حكومه‌تین له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی گشتی و جێبه‌جێكردنی ئه‌و كارنامه‌یه‌ی كه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردووه‌".
هه‌روه‌ها گووتی: "لامه‌ركه‌زیه‌تی دارایی رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ دوا نوێكردنه‌وه‌ی یاسای كارگێڕیی دارایی له‌ عیراق به‌جۆرێك ده‌رچووه‌ كه‌ به‌ته‌واوه‌تی رێ له‌لامه‌ركه‌زیه‌تی كارگێڕیی دارایی ده‌گرێت، پێمان وایه‌ یاسای نوێی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی ژماره‌ (6)ی ساڵی 2019 یاسایه‌كی ناده‌ستورییه‌، بۆئه‌وه‌ی یاسای قه‌رزی گشتش به‌هه‌مان شێوه‌ی یاسای ژماره‌ (6) له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران په‌سه‌ند نه‌كرێت كه‌ هه‌رێمی كوردستان تیایدا په‌راوێز بخرێت، داواده‌كه‌ین وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان به‌شدار بین له‌و سیمینارو ۆرك شۆپ وچالاكیانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن په‌یمانگای فه‌رمانڕه‌وایی شاره‌زایی پێشه‌نگ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و چالاكیانه‌ به‌هاوبه‌شی له‌ نێوان لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان و لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئه‌نجام بدرێت.