Skip to the content
Menu

به‌كارهێنانى ئافره‌ت له‌ بواى رێكلامكردندا تاووتوێ كرا

بۆ تاووتوێكردنى به‌كارهێنانى ئافره‌ت له‌ بوارى رێكلامكردن و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر ئافره‌تان، سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2019/10/21، لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت و له‌مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى رۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكی كۆڕبه‌ندى ژنانى كوردستان كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پاراستنى شكۆى ئافره‌تان كرا له‌بوارى رێكلامكردندا به‌جۆرێك كه‌ كه‌سایه‌تیى ئافره‌ت ناشیرین نه‌كرێت، له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ كۆڕبه‌ندى ژنان یاداشتێكیان پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت و له‌مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان كرد و تیایدا سه‌رجه‌م تێبینى و سه‌رنجه‌كانى خۆیان و لایه‌نه‌ خراپه‌كانى به‌كارهێنانى ئافره‌تیان له‌ بوارى رێكلامكردندا حستۆته‌ڕوو بۆئه‌وه‌ى له‌كاتى ده‌رچوواندنى یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ڕێكلام ئه‌و سه‌رنج و تێبینییانه‌ی ئه‌وان ره‌چاو بكرێت بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی.
هه‌ر هه‌مان رۆژ شاندی كۆڕبه‌ندى ژنانى كوردستان له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ لوقمان وه‌ردى سه‌رۆكى لیژنه‌ى رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و وه‌رزش و لاوان و بڕیار دۆسكى بڕیارده‌رى هه‌مان لیژنه‌ كۆبووه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌پێشنیازى یاساى رێكلام كرد.
لیژنه‌كه‌ به‌كۆڕبه‌ندى ژنانى راگه‌یاند كه‌ له‌دانیشتنی رۆژى چوارشه‌مه‌ى داهاتووى په‌رله‌ماندا خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌پێشنیاره‌كه‌ ده‌ركرێت و كار له‌سه‌ر هه‌موو سه‌رنج و تێبینییه‌كانى ئه‌وانیش ده‌كرێت.