Skip to the content
Menu

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن کرد

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و كونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر پته‌وتركردنی پەیوەندییەکانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و شانشینی ئوردن لە سه‌رجه‌م ئاست و بوارەکاندا كرده‌‌وه‌.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٨/١٠/٢٠١٩، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی لە هەیسەم ئەبولفول کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن کرد.
لە دیدارێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە گرنگییەوە باسی لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن کردو هیوای خوست لە داهاتوودا پەرەی زیاتر بەو پەیوەندییانە بدرێت، پاشان تیشکی خستەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و باسی لە کێشەو گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کردو رایگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەنجامدانی دانوستاندنەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا کە خۆی لە کۆمەڵێک پرس ده‌بینێته‌وه‌، لەوانە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و یاسای هەڵبژادنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان و سەرجەم ئەو یاسایانەی کە پەیوەندیدارن بەهەرێمی کوردستان، هاوکات هیوای خواست سەقامگیری باڵ بەسەر تەواوی عێراقدا بکێشێت و سەرجەم کێشەو گرفتەکان لەچوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێن.
سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "لەئێستادا لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان یەکهەڵوێستن بەرامبەر بەچارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و سەرجەم لایەنەکانیش بڕیاریانداوە بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق بکەن.
پرسی چاکسازیش لەهەرێمی کوردستان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوو له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: "سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان هاوڕان لە ئەنجامدانی ئەو چاکسازییەی کە لەئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنیازە لە گشت سێکتەرەکاندا ئەنجامی بدات.
هه‌ر له‌دیداركه‌دا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان داوای له‌ کۆنسوڵی گشتی شانشینی ئوردن لە هەرێمی کوردستان كرد كه‌ هانی كۆمپانیاكانى وڵاته‌كه‌ی بدات بۆ راكێشانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كارى وه‌به‌رهێنان و به‌شداریكردن له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یدا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌رله‌مانی كوردستان بۆ گرتنه‌به‌رى هه‌ر رێكارێكی یاسایی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌یدا بێت بۆ ئاسانكاریكردن له‌ بوارى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان درێغی ناكات، چ به‌ده‌ركردنی یاسا بێت یاخود هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكانی پێشوو بێت.
له‌لایەن خۆیەوە کۆنسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن لە هەرێمی کوردستان سوپاسی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ ئەو پێشوازی و روونکردنەوانەی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا پەرەی زیاتر بەخۆوە ببینی لە سه‌رجه‌م ئاست و بوارەکاندا.