Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پێنج پێشنیازی یاساو یه‌ك پێشنیازی بڕیار كرا
پێشنیازی یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ركراوه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 23/10/2019، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (5)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ دانیشتنه‌كه‌دا، كه‌ به‌ڕێزان ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و خاتوو د.ڤالا فه‌رید وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان ئاماده‌ی به‌شێكی بوون، به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌دوو خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌می تایبه‌تبوو به‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پێنج پێشنیازی یاساو یه‌ك پێشنیازی بریارو خاڵی دووه‌میش بریتیبوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى‌ دووه‌مى پێشنیازی یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه‌ له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق.
به‌ر له‌خستنه‌رووی به‌رنامه‌ی كار له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سكرتێری په‌رله‌مان پوخته‌ی كۆنووسى دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی په‌رله‌مانتارانی ئاماده‌نه‌بوو له‌ دانیشتنی په‌رله‌مان و كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان خوێندرایه‌وه‌.
دواتر به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان لیژنه‌ی یاسایی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پێشنیازه‌یاساو بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ كرد كه‌ بریتیبوون له‌ پێشنیازی یاسای ده‌زگای كۆنترۆلی جۆریی دڵنیایی و پێشنیازی یاسای گه‌شه‌پێدانی خێزانی و دوو پێشنیازی یاسای داواكارى گشتی و پێشنیازی یاسای ماف وئیمتیازاتی كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت و پێشنیازی بڕیارى پاراستنی مامۆستایان و رێبه‌ره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان.
دوای ئه‌نجامدانی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م به‌جیا بۆ هه‌ر پێشنیازێك، سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رجه‌م پێشنیازه‌یاساو پێشنیازی بڕیاره‌كه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و لیژنه‌ی یاسایی كرد بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی.
پاشان به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار كه‌ تایبه‌تبوو به‌خوێندنه‌وه‌ى‌ دووه‌مى پێشنیازی یاسای به‌ خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه‌ له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ئه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌ ئایا ده‌قی پێشنیازه‌یاساكه‌ یاخود راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی شاره‌وانی بكرێت بنه‌ما بۆ گفتوگۆكان، به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامان راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ كرایه‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكان و دواتر ده‌رگای گفتوگۆكردنی ناوه‌ڕۆكی پێشنیازی یاساكه‌ به‌ڕووی په‌رله‌مانتاران كرایه‌‌وه‌.
له‌لایه‌ن خۆشییانه‌وه‌ په‌رله‌مانتاران تێبینی و سه‌رنجه‌كانی خۆیان له‌باره‌ی هه‌ر بڕگه‌و مادده‌یه‌كی پێشنیازه‌كه‌ به‌جیا ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كردو دوای گفتوگۆكردنی چه‌ند بڕگه‌و مادده‌یه‌كی پێشنیازه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دانیشتنه‌كه‌ هه‌ڵپه‌سێردرا.
دواتر ‌به‌شی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌ سه‌عات 3ی پاشنیوه‌ڕۆ ده‌ستیپێكرده‌وه‌و تێیدا به‌ڕێزان ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و خاتوو د.ڤالا فه‌رید وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان ئاماده‌‌بوون و به‌پێی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ په‌رله‌مانتاران به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خستنه‌ڕووی تێبینی و سه‌رنجه‌كانی خۆیان له‌باره‌ی ئه‌و بڕگه‌و مادانه‌ی پێشنیازه‌یاساكه‌ كه‌ مابوون، له‌میانی گفتوگۆی په‌رله‌مانتاران له‌باره‌ی پێشنیازی یاساكه‌ وه‌زیری شاره‌وانی وه‌ڵامی به‌شێك له‌پرسیارو تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتارانى دایه‌وه‌ كه‌ تایبه‌تبوون به‌رۆڵی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی و ناوه‌ڕۆكی پێشنیازه‌كه‌.
دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆكانی په‌رله‌مانتاران له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند راسپێردران كه‌ رۆژی یه‌كشه‌مه‌ی داهاتوو كۆببنه‌وه‌ بۆ جێكردنه‌وه‌و وه‌رگرتنی تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر هه‌ر بڕگه‌و مادده‌یه‌كی پێشنیازه‌كه و له ‌راپۆرتی هاوبه‌شی داهاتووی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ كاریان له‌سه‌ر بكرێت، تاوه‌كو له‌زووترین كاتدا خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌می بۆ بكرێت و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، به‌مشێوه‌یه‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هات.