ده‌قى وتارى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌شه‌شه‌مین كۆنگره‌ى سه‌ندیكای پارێزه‌راندا
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه 2019/10/31، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له شه‌شه‌مین كۆنگره‌ى سه‌ندیكای پارێزه‌رانى كوردستاندا وتارێكی پێشه‌شكردو تیایدا داواى له پارێزه‌ران كرد هاوكاری په‌رله‌مانی كوردستان بن له كامڵكردنی بونیادی ته‌شریعیی هه‌رێمى كوردستان و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی له‌یاسا به‌ركاره‌كاندا هه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌قی وتاره‌كه‌یه:
به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری
ئاماده‌بووانی ئازیز..
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی سه‌ندیكای پارێزه‌ران..
به‌یانیتان باش....
سه‌ره‌تا به‌ناوی خۆمان و په‌رله‌مانی كوردستان پیرۆزبایی گرێدانی شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی سه‌ندیكا له ته‌واوی پارێزه‌رانی كوردستان و به‌تایبه‌ت تر ئه‌ندامانی به‌ڕێزی كۆنگره‌كه‌تان ده‌كه‌م ،شه‌ڕه‌فمه‌ندین به‌ئاماده‌بوون له دانیشتنی كردنه‌وه‌ی كۆنگره و سوپاسگوزاری بانگهێشته‌كه‌تانین، هیوامان وایه كۆنگره ببێته وێستگه‌یه‌كی پڕشنگداری گه‌شه‌كردن و به‌ره‌وپێشچوونی كاری سه‌ندیكای پارێزه‌ران و خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ ده‌ستپێكێكی نوێی خۆگونجێن له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و پێداویستییه هاوچه‌رخه‌كانی كاری سه‌ندیكایی و پیشه‌ییتان به‌جۆرێك چالاكییه‌كانی سه‌ندیكاو پابه‌ندی ته‌واوی پارێزه‌ران به ئاراسته‌ی به‌رقه‌راركردنی سه‌روه‌ریی یاسا‌و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی دادگه‌ریی راسته‌قینه و سه‌ربه‌خۆیی دادگاكان بێت.
به‌ڕێزان..
له‌و ڕوانگه‌یه‌ی ئه‌ركی پارێزه‌رایه‌تی ئه‌ركێكی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌و ته‌نها له پێدانی ڕاوێژ‌و ئامۆژگاریی یاسایی و داكۆكیكردن له موه‌كیل و به‌شداریكردنی به‌پێوه‌ی پرۆسه‌ی دادبینی كورتنابێته‌وه، به‌ڵكو چ پارێزه‌رو چ سه‌ندیكاش وه‌ك چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی پارێزه‌ران ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی گه‌وره‌تریان له‌بواری كۆمه‌ڵگه‌یی له ئه‌ستۆیه‌و ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه له‌بواری مه‌عریفه‌ی یاسایی و ته‌نانه‌ت ڕۆشنبیریی گشتی و هونه‌ری قسه‌كردن و باوه‌ڕهێنان به‌به‌رامبه‌ر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر دۆخێكی نه‌خوازراو له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی داكۆكیكردن بن له كوردستانیان، بۆیه چاوه‌ڕوانیمان لێتان ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه گرنگه‌تان نادیده نه‌گرن و له‌خزمه‌تی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌ماندا ته‌وزیفی بكه‌ن.
به‌تایبه‌ت كه هه‌رێمی كوردستان له‌ئێستادا به‌دۆخێكی هه‌ستیاردا ده‌گوزه‌رێت و دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كان و ده‌سته‌بژێری سیاسیش هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ئه‌وه ده‌بێت كه هه‌رێمه‌كه‌مان له مه‌ترسیی گۆڕانی بۆ گۆڕه‌پانی شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تی لایه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییه ناكۆكه ناوچه‌یی و هه‌رێمییه‌كان به‌دوور بگرن و دواجار هه‌مووان به‌ناچاری و نابه‌دڵیش بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مری واقیع ده‌كه‌ین و سنووری ده‌سه‌ڵاته ده‌ستووری و سیاسییه‌كانیشمان تاڕاده‌یه‌ك دیارن، بۆیه به‌گشتی هه‌موو بژارده‌یه‌كی ڕه‌وا بۆ پاراستنی شكۆمه‌ندانه‌ی هه‌رێمه‌كه‌مان و كوردستانیان یارای پشت پێبه‌ستنه، به‌مه‌رجێك له ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه نه‌ته‌وه‌یی و مرۆیی و حقوقییه‌كانمان به‌رامبه‌ر پارچه‌كانی تری كوردستان زۆر دوورمان نه‌خاته‌وه.
ئاماده‌بووانی ئازیز..
بێگومان به‌ڕێزتان زۆر به‌سانایی دركتان به‌و هه‌ڕه‌شه هه‌نووكه‌ییانه كردووه كه له‌سه‌ر ئاستی عێراق ڕووبه‌ڕووی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانی بوونه‌ته‌وه‌و له‌ئێستادا مه‌ترسییه‌كان سه‌رباری تێكه‌ڵی و لێڵییان به‌ڵام به‌دیاریكراوی زیاتر ڕه‌هه‌ندی ده‌ستووری و یاساییان وه‌رگرتووه و هه‌وڵَگه‌لێكن كه‌وا قۆناغ به قۆناغ جێبه‌جێده‌كرێن و ئاكاریان وه‌ده‌رده‌كه‌وێت.
له ڕابردوویه‌كی زۆر نزیكدا له‌ڕێگه‌ی په‌سه‌ندكردنی هه‌ندێ قانونی ئاسایی وه‌ك (یاسای كارگێڕی دارایی گشتی) فیدراڵی و یاسای (دادگای فیدراڵی)و كاركردن له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی (یاسای خزمه‌تی شارستانی فیدراڵی) و (یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵی) و چه‌ند یاسا‌و پڕۆژه‌یاسایه‌كی تر له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێشێلكاریی ڕوون به‌رامبه‌ر پره‌نسیپه سه‌ره‌كییه‌كانی فیدراڵییه‌ت و پره‌نسیپی سازان و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن كراوه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی سیاقاتی ده‌ستووری هه‌ولًی لێسه‌ندنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ده‌سه‌ڵاته‌كانی دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانی وه‌ك په‌رله‌مان و حكومه‌ت دراوه، له‌نزیكترین كرده‌شدا له‌پاڵ داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌رانی باشوور و ناوه‌ڕاست خواستی زۆرێك له هێزه سیاسییه‌كانی نێو په‌رله‌مانى عێراق له دروستكردنی لیژنه‌یه‌ك بۆ هه‌مواری ده‌ستووری ساڵی 2005 به‌پێی ماده‌ی 142 نه‌ك 126 به‌رجه‌سته بووه و تائێستا ئاماژه‌كانی ڕوون نییه ئاخۆ به‌ره‌و كوێ و بۆچی ئاراسته ده‌كرێت، بۆیه به‌ڕێزتان له سه‌ندیكای پارێزه‌ران پێش چین و توێژه‌كانی تر ده‌بێت چاوتان له‌سه‌ر جووڵه‌و ئامانجی ئه‌و لیژنه‌یه بێت و ئه‌ندامانی كورد له لیژنه‌كه به سه‌رنج و تێبینیی پشتڕاستكراوه به‌سه‌نه‌دی ده‌ستووری و یاسایی ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن و له بنه‌ڕه‌تیشدا هه‌ر ئه‌وه‌تان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین.
له كۆتاییدا به‌پێویستی ده‌زانم داواتان لێبكه‌م كه تاووتوێیه‌كی وردی هه‌ردوو یاسای ژماره (17 و18)ی ساڵی 1999 هه‌مواركراو، یاسای پارێزه‌رایه‌تی و یاسای خانه‌نشینیی پارێزه‌ران بكه‌ن، چونكه كۆنگره باشترین ده‌رفه‌ت بۆ به‌شدارییه‌كی كارای نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م پارێزه‌ران و خواسته‌كانیان ده‌ڕه‌خسێنێت و ده‌توانن ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك له‌و دوو یاسایه‌دا هه‌بێت له‌م ده‌رفه‌ته زێڕینه گفتوگۆی له‌باره‌وه بكه‌ن، هاوكات له په‌رله‌مانی كوردستان خواستمان ئه‌وه‌یه كه به‌ڕێزتان وه‌ك شه‌ریكێكی دڵسۆز هاوكارمان بن له كامڵكردنی بونیادی ته‌شریعیی هه‌رێمه‌كه‌مان و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی له‌یاسا به‌ركاره‌كاندا هه‌ن، چونكه به دڵنیاییه‌وه ئێوه ده‌زانن له ئه‌نجامی ته‌تبیق كام یاسا یان كام ماده‌و بڕگه پێویستیی به هه‌موار و چاكسازییه.
له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌ڕاستی چه‌ند گرنگه هه‌رێمی كوردستان ژێرخانی ئابووریی به‌هێز و سیستمی سیاسیی دیموكرات و حوكمی ڕه‌شیدی هه‌بێت، هێنده‌ش گرنگه مه‌نزومه‌یه‌كی ته‌شریعیی هاوچه‌رخ و كامڵكراوی هه‌بێت، كه له‌ئێستادا به‌داخه‌وه ده‌یڵێم كه ئه‌و مه‌نزومه‌یه‌مان زۆر هه‌ژار و په‌رت و ناكامڵ و هه‌ڕه‌مه‌كییه و پێناسه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ چاودێران و توێژه‌ران مایه‌ی تێڕامان و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه، به‌جۆرێكه له‌هه‌ندێ بواردا كه‌ڵه‌كه‌بوونێكی تاقه‌ت پڕوكێن و له‌هه‌ندێ بواریشدا بۆشاییه‌كی ناسروشتیی هه‌یه، بۆیه ده‌خوازین هاوكارمان بن بۆ چاره‌سه‌ری به‌شێكی ئه‌م كێشه‌یه.
خوا كوردستان و كوردستانیان بپارێزێت و ئێوه‌ش سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفرازبن.
د.رێواز فایه‌ق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
2019/10/31