Skip to the content
Menu

د.ڕێواز فایه‌ق: "ئه‌كادیمیای كوردی ناوه‌ندێكی گرنگی پاراستن و په‌ره‌پێدانی زمانی ڕه‌سه‌نی كوردییه‌"

به‌مه‌به‌ستی پیرۆزباییكردن له‌ده‌سته‌ی نوێی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌كادیمیای كوردى، ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 21/10/2019، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی ئه‌كادیمیای كوردی كردو له‌لایه‌ن پ.د.عه‌بدولفه‌تاح بۆتانی سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای كوردی و د.نه‌جات عه‌بدوڵلا جێگری سه‌رۆك و محه‌مه‌دی حه‌مه‌ باقی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌كادیمیا پێشوازیی لێكرا.
له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پشگیریی خۆی بۆ ده‌سته‌ی تازه‌ هه‌ڵبژێردراوی ئه‌كادیمیا ده‌ربڕی و ڕاشیگه‌یاند: "ئه‌كادیمیای كوردی ناوه‌ندێكی گرنگی ئه‌كادیمییه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زمان و ڕێنوسی كوردی، ئێمه‌ هه‌رچی له‌ تواناماندا بێت درێغی ناكه‌ین له‌ پشگیریكردن وپاڵپشتیكردنی و داوا ده‌كه‌ین ئه‌كادیمیاش هاوكارمان بێت له‌ ڕووی زمان و داتاشینی زاراوه‌ی نوێی یاسایی، په‌رله‌مانی كوردستان بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌قی یاساكان پێویستیی به‌وه‌یه‌ كه‌ زاراوه‌و ده‌سته‌واژه‌ی كوردیی ڕه‌سه‌ن به‌كار بێنێت كه‌ به‌ده‌ر بێت له‌ هه‌ر زاراوه‌یه‌كی بیانی".
له‌ به‌رامبه‌ردا پ.د.عه‌بدولفه‌تاح بۆتانی زۆر سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ سه‌ردانه‌كه‌یان و ده‌ربڕینی پاڵپشتی و پشتیوانیی په‌رله‌مان بۆ ئه‌كادیمیاكه‌.
پاشان د.نه‌جات عه‌بدوڵا به‌ناوی ئه‌كادیمیای كوردییه‌وه‌ سوپاس و پێزانینی خۆیانی به‌سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاندو باسی گرنگیی سه‌ردانه‌كه‌ی كرد و گووتی: "شه‌ڕه‌فێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان خۆی سه‌ردانی ئه‌كادیمیا بكات، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی بایه‌خپێدانی ده‌سته‌بژێریی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردییه‌ بۆ وشه‌ی كوردی وه ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ پێشكه‌شكردنی هه‌ر هاریكارییه‌ك كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ زمان و رێنوس و دروست نوسینی وشه‌ی پیرۆزی كوردی،بۆ دروستكردنی زاراوه‌و وشه‌ی تازه‌ وه ئه‌ركی ئه‌م ده‌زگایه‌ خزمه‌تكردنی زمانی ڕه‌سه‌نی كوردییه‌".
له‌به‌شێكی دیكه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كتێبخانه‌ی ئه‌كادیمیاو ناوه‌ندی ده‌ستنووس و به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌سه‌ركرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌ردانی هه‌ردوو كتێبخانه‌ی مامۆستا نه‌ژاد عه‌بدوڵا عه‌زیز و موزه‌خانه‌ی ئه‌ندازیاری گه‌وره‌ی كورد د.ئیحسان شێرزاد-ی كرد كه‌ به‌شێكی گرنگی كتێبخانه‌ی ئه‌كادیمیای كوردی پێكده‌هێنن.