ره‌وشى كرێكاران گفتوگۆى له‌باره‌وه كرا
به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى ره‌وشى كرێكاران و كاراكردنى بیمه‌ى كار‌و چۆنیه‌تیى هه‌موارى یاساكانى په‌یوه‌ست به‌و توێژه، سه‌عات 10:30ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشهمه 1/10/2019، لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له مافى ئافره‌ت و له مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى رۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و راوێژكارى لیژنه‌كه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى ناوه‌ندى كرێكارانى حزبى شیوعیى كوردستان كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر ره‌وشى كرێكارانى ناوخۆیی و بیانى و بیمه‌ى كار‌و چۆنیه‌تیى هه‌موارى یاساى كار به‌جۆرێك كه له‌گه‌ڵ سروشتى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان بگونجێت، له‌گه‌ڵ رێگرییه‌كانى به‌شێك له‌كۆمپانیاكان لهلیژنهكانى چاودێرى و بهداواچوونى وه‌زاره‌تى كار.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له كێشه‌و گرفته‌كانى به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنى یه‌كێتیى سه‌ندیكاكانى كرێكاران له هه‌رێمى كوردستان و بایه‌خدان به كارى سه‌ندیكایی له‌پێناو كرێكاران كرا .
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لیژنه‌كه به‌ڵێنى به‌دواداچوونى سه‌رجه‌م داواكارى و كێشه‌و گرفتهكانیداو به‌پێویستیشى زانى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هه‌ردوولا هه‌بێت بۆ باشتركردنى ره‌وشى كرێكاران.