Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی نۆرد غاین ڤێست فالنی ئەڵمانیا كرد

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی نۆرد غاین ڤێست فالنی وڵاتی ئەڵمانیا جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كان بۆ به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانی ئه‌و په‌نابه‌ر و ئاوارانه‌ی كه‌ ڕووده‌كه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15/10/2019، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ یوئاخم شتامپ جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی نۆرد غاین ڤێست فالنی ئەڵمانیا كرد.
له‌ دیدارێكدا باس له‌ بارودۆخی نه‌خوازراوی ئێستای رۆژئاوای كوردستان و ئه‌و شه‌ڕو نه‌هامه‌تییانه‌ كرا كه‌ بووه‌ته‌مایه‌ی شه‌هیدبوون و ئاواره‌بوونی هه‌زاران كه‌سی سڤیل و ده‌ربه‌ده‌ربوونیان له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و سه‌رگه‌ردانبوونی هه‌زاران ژن و منداڵ كه‌ له‌ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا به‌شێكیان توانیویانه‌ ڕابكه‌ن به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان و ئێستا له‌ كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێكراون، هه‌روه‌ها مه‌ترسیی ڕاكردنی ئه‌و هه‌زاران داعشه‌ی كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌كانی رۆژئاوادا ڕایانكردووه‌و بوونه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "جێگه‌ی داخه‌ كه‌ئێوه‌ له‌دۆخێكدا هاتوون كه‌ ئێمه‌ له‌ جۆرێك دوودڵی داین به‌رامبه‌ر زۆربه‌ی دۆسته‌كانمان، ئه‌وش ده‌زانین كه‌ ئه‌گه‌ر دۆسته‌كانمان نه‌بوایه‌ ئێمه‌ له‌ شه‌ڕی داعشدا سه‌رنه‌ده‌كه‌وتین، خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌ نیگه‌رانییه‌كی قورسدایه‌، ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ تێیدا ده‌ژی زۆر سه‌خته‌و خه‌ڵك دڵنیا نییه‌ له‌هیچ، دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ناجێگیره‌و پێشبینیی هاتنی ده‌یان هه‌زار په‌نابه‌ر ده‌كه‌ین له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا، هه‌روه‌ها به‌ڕه‌ڵابوون و هه‌ڵاتنی ئه‌و داعشانه‌ی چه‌ند رۆژی ڕابردوو مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی خستۆته‌ دڵی هاووڵاتییانه‌وه‌، چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دۆسته‌كانمان ئه‌و دوودڵیه‌مان بڕه‌وێننه‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی ئێوه‌ به‌یه‌كێك له‌ دۆسته‌ گرنگه‌كانی خۆمان داده‌نێین".
لای خۆیانه‌وه‌ یوئاخم شتامپ جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی نۆرد غاین ڤێست فالنی وڵاتی ئەڵمانیا رایگه‌یاند: "مایه‌ی داخه‌ كه‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا تا ئێستا نه‌گه‌یشتوون به‌و ئاسته‌ی كه‌ به‌یه‌ك ده‌نگ قسه‌ بكەن، من حه‌زم ده‌كرد زیاتر هه‌وڵ و كۆششی دیپلۆماسییانه‌ی ئه‌وان ببینم، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ له‌ په‌یوه‌ندیدا بمێنینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بڕیارو هه‌ڵوێستی هاوبه‌شمان هه‌بێت تا له‌م قۆناغه‌شدا بتوانین یارمه‌تیده‌ربین، ئێمه‌ ده‌بینین كه‌ هه‌رێمی كوردستان كارێكی زۆر گه‌وره‌ی كردووه‌ به‌وه‌رگرتنی ملیونێك ئاواره‌و په‌نابه‌ر".
دواتر د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی كرد کە ده‌مانه‌وێت مۆزایكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه‌ بە پێكهاته‌ی مه‌سیحی و توركمانه‌كانیشەوە وناخوازین بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌شه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پارچه‌كانی تری عیراق جیا ده‌كاته‌وه‌، ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستان به‌جۆرێكه‌ كه‌ ده‌توانێت ئه‌ویتر قبوڵ بكات، ئێمه‌ شانازیی پێده‌كه‌ین بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین پێكهاته‌ی جیاواز ده‌بینین له‌پێكه‌وه‌ژیانی ئاین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان، هیواخوازم كه‌ بتوانن به‌هانای ژن و منداڵانی ناو كه‌مپه‌كانه‌وه‌ بچن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌مپه‌كان شوێنی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌و ئه‌وان له‌ مه‌ترسیدان".