Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی سیستمی کۆتا-ی ژنان لە عێراق دەکات

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵڵا به‌شداری له‌ كۆنفرانسی (سیسته‌می كۆتای ژنان له‌ عیڕاق ) كه‌  سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ئۆپن رێكیخستبوو كرد.

به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ژنان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامه‌ ژنه‌كانی خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ئۆپن كۆنفرانسێكی رێكخست له‌ ژێر ناونیشانی  (سیسته‌می كۆتای ژنان له‌ عێڕاق:سنوردارکردن یان مسۆگەرکردنی بەشداری سیاسی ژن؟)  سه‌ره‌تاو كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ ووته‌ی به‌خێرهێنانی سه‌رۆكی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ئۆپن  د. محمدعلی یاسین ته‌ها ده‌ستی پێكرد، دواتر به‌ڕێزیان داوای له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ ووتاری كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ پێشكه‌ش بكات.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان د. رێواز فایه‌ق له‌ پێشكه‌شكردنی ووتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند:" به‌ ده‌رفه‌تی ده‌زانم  باسی ئه‌زموونی كوردستان  له‌گه‌ڵ ئیشكردن له‌سه‌ر سیسته‌می كۆتا وه‌ چۆنیه‌تی به‌ده‌ستهێنانی سیسته‌مه‌كه‌ بكه‌م، كه‌ بێگومان  ‌دوای2003 ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆر باشی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر دۆخی كۆی عێڕاق، سه‌رنجی به‌ڕێزتان ڕاده‌كێشم وه‌ ده‌تانگێڕمه‌وه‌ بۆ ڕاسته‌وخۆ دوای ڕاپه‌ڕینه‌كانی ساڵی 1991 له‌ لایه‌ن ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌و كاته‌ی كه‌ ده‌ستكرا به‌ قسه‌كردن له‌سه‌ ئه‌و گۆڕانكاریه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری وفه‌رهه‌نگیانه‌ی كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا  ڕاپه‌ڕین له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنای، یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ زۆرترین قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرا وه‌ زۆرترین جار ده‌بووه‌ بابه‌تی دیبه‌یت، توێژ، میدیا، قسه‌كردنی نوخبه‌ی سیاسی، مه‌سه‌له‌ی به‌شداریكردنی ژن و نه‌خشكردنی شێوازی به‌شداریكردنی ژن  له‌ ژیانی سیاسی وه‌ گواستنه‌وه‌ی شێوازی كاركردنی ژنان بوو له‌ قۆناغی خه‌باتی چه‌كداری میلله‌تی ئێمه‌ بۆ قۆناغی ژیانێكی تر كه‌ ژیانی حوكمكردن وفه‌رمانڕه‌وایی وخۆدرخستن بوو له‌ هه‌لومه‌رجێكی تازه‌تردا،  ئێستا له‌ هه‌ندێك میدیا له‌ هه‌ندێك نوخبه‌ی سیاسی گوێمان لێده‌بێ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ زووتر بدرایه‌ به‌ ژن ڕه‌نگه‌ باشتر بوایه‌ وه‌ باشتر به‌ڕێوه‌ی ببردایه‌، هه‌موومان باوه‌ڕمان ده‌بێ به‌وه‌ هه‌بێ كه‌ وزه‌ی ژن ووزه‌یه‌كه‌ ده‌توانێ له‌ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگا بێ، وه‌ كۆمه‌ڵگه‌و ده‌نگده‌ری ئێمه‌ بۆ به‌شداریكردنی ژن و ڕۆڵی ژن له‌ فه‌رمانڕه‌واییدا  پێویسته‌ ده‌نگی خۆی وه‌ متمانه‌ی خۆی بدا به‌ ژن، بابه‌تێكی تریش هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین و له‌ خولی ڕابردوشدا جێگه‌ی جه‌ده‌ل بوو كه‌ ئه‌ویش به‌شداریكردن و كۆتای ژنانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی تری جێبه‌جێكردن، به‌ پلان وه‌ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی  لۆجیكی جارێكی تر قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ بۆ ناو سێكته‌ره‌كانی تر وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر ئێمه‌ی ژن ده‌بێ كۆتامان هه‌بێ یان نا" له‌ كۆتایی قسه‌كانیشیدا دووباره‌ هیوای سه‌ركه‌وتنی  بۆ  كۆنفرانسه‌كه‌و به‌شداربوانی  خواست.

پاشان  سه‌رۆكی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ئۆپن  د. محمدعلی یاسین ته‌ها سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و بانگێشتی به‌ڕێوه‌به‌ران وبه‌شداربووانی یه‌كه‌م پانێڵی كرد بۆ پێشكه‌شكردنی بابه‌ته‌كه‌یان به‌ ناونیشانی ( سیسته‌می كۆتا له‌ نێوان ده‌ق و جێبه‌جێكردندا) .