Skip to the content
Menu

له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆدا
خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ دوو پێشنیازی یاسا كراو یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه‌ له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان په‌سندكرا

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 30/10/2019، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (6)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌ دوو خاڵ و خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو یه‌كه‌م له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ ئه‌م پێشنیازه‌یاسایانه‌ی خواره‌وه‌ به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (79 و 80 و 82)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان:
1 - پێشنیازی یاسای (ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق).
2 - پێشنیازی یاسای (رێكلامى بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق).
خاڵی دووه‌م و كۆتاییش بریتى بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازی یاسای (به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه‌ له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (90 ، 91، 93، 96، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان، هه‌روه‌ها پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێنده‌وه‌.

به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می به‌جیا بۆ هه‌ردوو پێشنیازی یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش و پێشنیازی یاسای رێكلامى بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ئه‌نجامداو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ردوو پێشنیازه‌یاساكه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرا بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كان.
پاشان خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازی یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه‌ له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان لیژنه‌ی شاره‌وانی و لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی په‌رله‌مان راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌كه‌یان له‌سه‌ر دوا داڕشتنه‌وه‌ی پێشنیازی یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران خوێنده‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ناوونیشانی پێشنیازه‌ یاساكه‌ دوای به‌جیا خستنه‌ ده‌نگدانى سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه‌ كرابوون، ناوونیشانی پێشنیازی یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه‌ له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، كه‌ پێشنیازی لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی یه‌كه‌م، كه‌ تایبه‌تبوو به‌ رێككاره‌كانی به‌ناوكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی له‌سنووری شاره‌وانییه‌كان زێده‌رۆیی له‌سه‌ر كراوه‌، وه‌كو خۆی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
ماده‌ی دووه‌میش كه‌ تایبه‌تبوو به‌ مه‌رج و رێككاره‌كانی به‌ناوكردن، به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی، پێنج پێشنیار هه‌بوو له‌ كۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی به‌ 85 ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی سێیه‌میش كه‌ تایبه‌تبوو به‌ رێككاره‌كانی دروستكردنی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و په‌سندكردنی داواكانی به‌ناوكردنی زه‌وییه‌ زێده‌ڕۆكان، به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی شازده‌ پێشنیار هه‌بوو له‌كۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی په‌رله‌مان به‌ 67 ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی چواره‌میش كه‌ تایبه‌تبوو به‌ رێككاره‌كانی پابه‌ندنه‌بوون به‌ناوه‌ڕۆكی یاساكه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی زێده‌ڕۆكاره‌وه‌، به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی ماده‌كه‌ وه‌ك خۆی خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ 80 ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی پێنجه‌م كه‌ تایبه‌تبوو به‌ رێككاره‌كانی رووبه‌ری زه‌وییه‌ زێده‌ڕۆكان به‌گوێره‌ی سه‌نته‌ری شارو شارۆچكه‌كان، به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی چوار پێشنیار هه‌بوو، له‌كۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی به‌ 77 ده‌نگ په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی شه‌شه‌م كه‌ تایبه‌تبوو به‌ رێككاره‌كانی رووبه‌ری زه‌وییه‌ زێده‌ڕۆكان به‌گوێره‌ی سه‌نته‌ری شارو شارۆچكه‌كان، به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی دوو پێشنیار هه‌بوو، له‌ كۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی به‌ 78 ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی حه‌فته‌میش كه‌ تایبه‌تبوو به‌ رێككاره‌كانی دابه‌شكردنی داهاته‌ وه‌ده‌ستهاتووه‌كان له‌چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌دا، به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی شه‌ش پێشنیار هه‌بوو، له‌ كۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی به‌ 75 ده‌نگ په‌سند كرا.
دواتر به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی په‌رله‌مان، دوو ماده‌ به‌ریزبه‌ندی ماده‌ی هه‌شته‌م و نۆیه‌م بۆ پێشنیازی یاساكه‌ زیادكراو به‌پێی ماده‌ی یه‌كه‌می زیادكراو حوكمه‌كانی یاساكه‌ ئه‌و زه‌وی وخانووانه‌ی له‌پێشووتردا به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كاندا رووخێنراون ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و ماده‌یه‌ش به‌ دنگی 83 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.
ماده‌ی دووه‌می زیادكراویش، كه‌ تایبه‌تبوو به‌وه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ئه‌و زه‌وییانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ مافی خاوه‌ندارییه‌تی یان ره‌فتاركردنی پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌كانی له‌سه‌ره‌، به‌ ده‌نگی 88 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.
پاشان ماده‌كانی ده‌یه‌م تا دوانزه‌یه‌م كه‌ تایبه‌تبوون به‌حوكمه‌ كۆتاییه‌كان دوای خوێندنه‌وه‌یان به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كران.
هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی چوار پێشنیار هه‌بوو، له‌ كۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی به‌ 80 ده‌نگ په‌سند كرا.
دواتر كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ ده‌نگی 100 په‌رله‌مانتار په‌سند كراو به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و ئه‌و هاووڵاتییانه‌ كرد كه‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌و راشیگه‌یاند: "هیوادارین وه‌زاره‌تی شاره‌وانی له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا هه‌وڵی ته‌واوی خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌ پێویستییه‌كان و سوود وه‌ربگرن له‌و داهاته‌ی كه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ده‌ستدێت".
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواشی له‌ لیژنه‌كانی په‌رله‌مان كرد له‌چوارچێوه‌ی كاتی ته‌رخانكراو به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ كار له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیازه‌یاساو بڕیارانه‌ بكه‌ن كه‌ ئاراسته‌یان كراوه‌و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ ئه‌نجامدراوه‌ تاوه‌كو په‌رله‌مان بتوانێت خزمه‌تی زیاتر له‌بواری یاسادانان پێشكه‌ش بكات.
به‌مشێوه‌یه‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هات.