Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ته‌ندروستی به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی خۆراكی خراپ و ماوه‌ به‌سه‌رچوو

به‌مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ڕه‌وشی خۆراك و چۆنیه‌تیی كۆگاكردنى و بوونى خۆراكی ماوه‌به‌سه‌رچوو و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و پرسه‌، نیوه‌ڕۆی ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ 13/10/2019، لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.سه‌باح مه‌حمود سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی به‌شێك له‌ ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كرێكار كۆبووه‌وه‌ كه‌ له‌ كۆگاكانی خۆراك كار ده‌كه‌ن.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ سوپاسی ئاماده‌بوونی كرێكاره‌كانی كردو ڕایگه‌یاند: "ئاشكراكردن و گه‌یاندنی زانیاری له‌سه‌ر شێوازی ده‌رخوارددانی خۆراكی ماوه‌ به‌سه‌رچوو كارێكی مرۆڤانه‌یه‌".
دواتر له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ گفتوگۆكرا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌موكوڕی و كاره‌ ناته‌نددروستییانه‌ی كه‌ له‌كۆگانی خۆراك ئه‌نجام ده‌درێت، له‌وانه‌ گۆڕینی ستیكه‌ری به‌رواری به‌سه‌رچوون له‌سه‌ر هه‌ندێ جۆری خۆراك.
له‌ كۆتاییدا لیژنه‌ی ته‌ندروستی به‌ڵێنیدا كه‌ به‌ دواداچوونی جدی بكات و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ئاگادار بكاته‌وه‌، چونكه‌ خۆراك په‌یوه‌ندیی به‌ ژیانی تاك به‌تاكی كۆمه‌ڵَگه‌وه‌ هه‌یه‌و پێویسته‌ ئه‌و كۆمپانیاو بازرگانانه‌ی كه‌مته‌رخه‌می ده‌كه‌ن سزای یاسایی وه‌ربگرن، هاوكات بڕیاردرا له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا شاندێكی لیژنه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی زیاتر سه‌ردانی به‌شێك له‌ كۆگانی خۆراك بكه‌ن.