Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی رۆشنبیریى په‌رله‌مان: "كۆچی دوایی د.عیزه‌دین خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌و به‌ئاسانی ئه‌و كه‌لێنه‌ پڕ ناكرێته‌وه‌"

لیژنه‌ی رۆشنبیریی په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێكی ماته‌مینیی بۆ كۆچی دوایی رووناكبیرو نووسه‌ری دیاری كورد و ئه‌ندامى پێشووی په‌رله‌مانى كوردستان پڕۆفیسۆر دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا نیگه‌رانی و خه‌مباریى لیژنه‌كه‌ به‌كۆچی دوایی ئەستێرەیەکى درەوشاوەى ناوەندى رۆشنبیرى و ئەکادیمى لەکوردستان راده‌گه‌یه‌نێ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
لیژنەى رۆشنبیرى و کۆمەڵگەى مەدەنى لەپەرلەمانى کوردستان نیگەرانى و خەمباریى خۆى رادەگەیەنێ بەبۆنەى کۆچى دوایى ئەستێرەیەکى درەوشاوەى ناوەندى رۆشنبیرى و ئەکادیمى لەکوردستان، پڕۆفیسۆر دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ.
دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ ئەستێرەیەکى درەوشاوە بووە لەمێژووى رۆشنبیرى و ئەکادیمیدا، بۆ ماوەى زیاتر لە (60) ساڵ خزمەتى گەورەى بەبوارى رۆشنبیرى و ئەدەبى لەکوردستان کردووەو جێگادەستى لەو بوارانەدا بەشانازییەوە لەلاپەڕە زێڕینەکانى مێژووى گەلەکەمان دەمێنێتەوە.
کۆچى دوایى د.عیزەدین خەسارەتێکى گەورەیەو بەئاسانى ئەو کەلێنە پڕ ناکرێتەوە، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسەو هاوخەمیى خۆمان رادەگەیەنین، لەخواى گەورە داواکارین سەبوورى و ئارامى ببەخشێت بەخانەوادەى پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ و سەرجەم رۆشنبیران و نووسەرانى کوردستان.
لیژنەى رۆشنبیرى و کۆمەڵگەى مەدەنى
لەپەرلەمانى کوردستان
3/10/2019