Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی دواین داڕشتنی پێشنیازی یاسای هێزكاری ته‌ندروستی و چه‌ند پرسێكی تر، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 28/10/2019، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.سه‌باح مه‌حمود سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و داواكاری و سكاڵا و یاداشتانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌و ئه‌ندامان كرابوون له‌لایه‌ن ڕۆژان سلیڤانه‌یى بڕیارده‌ری لیژنه‌كه‌‌ خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆ و وه‌رگرتنی ڕای ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌‌ بڕیاری پێویستیان له‌سه‌ر درا و ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.
دواتر ڕاپۆرتی پێشنیازه‌ یاسای هێزكاری ته‌ندروستی له‌لایه‌ن د.شایان كاكه‌ صالح جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ خوێندرایه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ماده‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر كراو په‌سه‌ند كراو بڕیاردرا ڕۆژی چوارشه‌مه‌ 30/10/2019 دواین داڕشتن بۆ پڕۆژه‌كه‌ بكرێت و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.