Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا به‌دواداچوون بۆ ره‌وشی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو كێشه‌ی چه‌ند زانكۆیه‌كی تایبه‌ت ده‌كات

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 7/10/2019، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی عه‌بدولسه‌لام دۆڵه‌مه‌ڕی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌هۆڵی لیژنه‌ به‌ڕێوه‌چوو گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر كێشه‌ی زانكۆكانی نور و حه‌دبا و كتاب، كه‌ كێشه‌ی باوه‌ڕپێكردنیان هه‌یه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بڕیاردرا شاندێكی لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بكات و له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌و چه‌ند پرسێكی ترى په‌یوه‌ست به‌ قوتابیان و خوێندنی باڵا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ بكه‌ن.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا شاندێكى لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بكات و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس و كێشه‌و كه‌موكوڕیی قوتابیان و ره‌وشی په‌روه‌رده‌یی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ بكه‌ن.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراو و یاداشت و سكاڵایانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان بڕیاردرا ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ وه‌ڵامهدانه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكرێن به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.