لیژنەی كشتوكاڵ لەسەر نەهێشتنی رۆتینیاتی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان كۆدەبێتەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە 28/10/،2019 لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەرلەمانی كوردستان بەسەرپەرشتیی عوسمان عەبدوڵا سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سهرۆكی لیژنه و بڕیاردەر و ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پێشینهی بانكی كشتوكاڵی و رێپێدانی لێدانی بیری قووڵ و نەهێشتنی رۆتینیاتی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان و تاپۆكردنی زەوییە گرێبەستەكان و گەڕانەوەی ئەو زەویانەی لەسەر كشتوكاڵ لادراون كرا.
لیژنەكە بڕیاریدا بەنووسراوی فەرمی لە رێگەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانەوە داوا لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بكرێت بۆ لێبووردنی زیادەكی بانكی كشتوكاڵی.
لەبەشێكی تری بڕیاری لیژنەكەدا داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت كە دەسەڵات بدرێتەوە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ پێدانی مۆڵەتی هەڵكەندنی بیری قووڵ و نوسراوێكیش لەرێگەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ بنێردرێت بەمەبەستی كەمكردنەوەی رۆتینیاتی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان .
داواش لەوەزارەتی كشتوكاڵ كرا روونكردنەوە بدرێتە لیژنەكە بۆ تاپۆكردنی زەویی گرێبەستەكانی تاپۆی راگیراو.