لێژنەی کاروباری شەهیدان بە جیا پێشوازیی لە دەزگای شەهیدانی کوردستان- سوریا، و نوێنەرانی قوتابیانی کور و کچی شەهیدان کرد
بەمەبەستی رادەستکردنی یاداشتنامەیەکیان پێشنیوەرۆی ئەمرۆ ١/١٠/٢٠١٩ لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتی سوسن محمد میرخان سەرۆکی لێژنە و بە ئامادبوونی جێگر و بریاردەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی لێژنەکە، پێشوازییان لە دەزگای شەهیدانی کوردستان- سوریا کرد، کە بە نوێنەرایەتی کەس وکاری شەهیدانی پێشمەرگەکانی رۆژ سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردبوو.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بەرێوەچوو، دەزگای شەهیدانی کوردستان-سوریا یاداشتێکی داواکارییان پێشکەش بە لێژنەی کاروباری شەهیدان کرد، کە تیایدا داوا دەکەن کەس و کاری ئەو پێشمەرگانەی کە هاوسەنگەری پێشمەرگەکانی کوردستان لە دژی داعش جەنگاون و شەهید بوونە، سودمەندبن لەماف و ئیمتیازاتی کەس و کاری شەهیدان و هاوکاری ماددی و مەعنەوی بریندارەکانیش بکرێت.
هەر لە هەمان رۆژدا لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی پێشوازییان لە نوێنەرانی قوتابیانی کوڕ و کچی شەهیدان کرد ،کە بەمەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان سەردانی لێژنەکەیان کردبوو، کە خۆی لەهاوکاری و کارئاسانی بۆ ئەو قوتابییانە دەگرتەوە کە لە بەشە ناوخۆییەکاندا درێژە بە خوێندن دەدەن.
لەلایەن خۆیانەوە سەرۆک و ئەندامانی لێژنەکە لە هەردوو دیدارەکەدا بەڵێنیاندا یاداشت و داواکارییەکانیان بگەیەنن بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و بە دواداچونیش بۆ داواکارییەکانیان بکەن.